لەماوەی سێ ساڵدا 34 هاونیشتمانیی قەزای ئامێدی لە شەڕی تورکیا و پەکەکەدا کوژراون

13-12-2020
ناسر عەلی
نیشانەکردن پەکەکە تورکیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
زۆربەی گوندەکانی سنووری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک، بەهۆی شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیا چۆڵکراون، لە سێ ساڵی رابردووشدا تەنیا لە سنووری ئەو قەزایە 34 کەس بەهۆی ئەو شەڕەوە گیانیان لەدەستداوە.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، بەدرێژایی ئەو ماوەیەی کە پێکدادان لەنێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە لەنێو خاکی باشووری کوردستان دروستبووە، زۆرترین قوربانی لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو بووە. تەنیا لە سنووری قەزای ئامێدی لە ماوەی ئەو 3 ساڵەدا 34 کەس گیانیان لەدەستداوە،  ئەمساڵیش نزیکەی 6 گوند لە سنووری پارێزگاکە بە یەکجاری چۆڵکراون.
 
بەشێکی زۆر لە گوندەکانی سنووری پارێزگای دهۆک بەهۆی پێکدادانەکانی سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە چۆڵکراون و خەڵکی ئەو گوندانە روویان لە کۆمەڵگاکان و ناحیە و سەنتەری قەزاکان کردووە و ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، ئەو شەڕە کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر ژیانی ئەو خەڵکە دروستکردووە،  یەکێک لەوانە نەبوونی دەرفەتی کارە، سەرەڕای هۆشداری بەرپرسانی ئیداری لە نەگەڕانەوەی ئەو خەڵکە بۆ ناوچەکانیان، بەڵام بە ناچاری لە وەرزە جیا جیاکان بۆ کۆکردنەوەی بەروبوومە وەرزییەکان و بەدەستخستنی داهاتێک ئەو خەڵکە روو لە ناوچەکانی خۆیان دەکەن و زۆرجارش دەبنە قوربانی.
 
لە ماوەی سێ ساڵی رابردووشدا زۆرترین قوربانی لە ناحیەکانی سەر بە قەزای ئامێدی سنووری پارێزگای دهۆک بووە، لەو ماوەیەدا 34 کەس کە تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 70 ساڵی بووە، گیانیان لەدەستداوە. هەندێکجار لەنێو خێزانێکدا سێ کەس بوونەتە قوربانی یاخود باوک و کوڕ بوونەتە قوربانی.
 
دوایین قوربانی شەڕە بەردەوامەکەی تورکیا و پەکەکە، سێ هاونیشتمانی ناحیەی دێرەلوکی سەر بە قەزای ئامێدی بوون، بە ناوەکانی موحسین سپێری، حەسەن سادق زێڕی و سەفەر سینی.
 
ئەو سێ هاووڵاتییە کە 10 رۆژ بوو بێسەروشوێنبوون بوون، دەرکەوت کە "بەهۆی بۆردوومانی تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە." جیهاد نووری، برازای یەکێک لەو کەسانەی گیانی لەدەستداوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 10 رۆژ بوو مامم و دوو کەسی دیکەی دێرەلووک چووبوونە گوندی خۆیان و ناوچەکانی نێروەڕێکان و بێسەروشوێن ببوون. دوای ئەوەی چەند کەسێک چوونە ئەو ناوچەیە: "دەرکەوت لە نزیک گوندی زێوە بەهۆی بۆردوومانی تورکیاوە شەهید بوون."
 
بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا بۆ ئەو ناوچانە بەردەوامە، دوێنێ شەممە تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 13-12-2020 بۆردوومانی ناوچە جیا جیاکانی سنووری پارێزگای دهۆک بەردەوام بوو. دوێنێ بۆردوومانی گەلی ئاڤۆکا کرا، کە 5 کیلۆمەتر لە ناحیەی چەمانکێوە دوورە، ئێوارەی دوێنێش بۆردوومانی چیای کوڕەژار کرا کە دەکەوێتە نێو ناحیەی شیلادزێ، لە ناحیەی باتیفاش شەوی رابردوو بۆ ماوەی 2 کاژێر بۆردوومان هەبوو.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق

دامەزرێنەری گووگڵ کراودسۆرس: نووسین بە فۆنتی کۆن زیانێکی گەورە بە پاشەڕۆژی زمانی کوردی دەگەیێنێت

لەکاتێکدا جیهان یادی رۆژی جیهانیی زمانی دایک دەکاتەوە، پسپۆڕانی تەکنەلۆژیا هۆشداری دەدەن لەوەی پاراستنی زمان تەنیا لە رێگەی ئاخاوتنەوە نییە، بەڵکو دەبێت زمانەکە لە جیهانی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرددا جێگیر بکرێت. بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق، لە کاتی بەشداریی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "پاشەڕۆژی زمانی کوردی بەندە بە بوونی داتای پێویست لەسەر ئینتەرنێت."