بڕی ئەو ئاوەی دەڕژێتە نێو بەنداوی بۆکان 5 هێندە زیادیکردووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی بۆکان دەڵێت: بەهۆی کاریگەریی ئەو شەپۆڵە بارانەی نزیکەی هەفتەیەکە ناوچەکەی گرتووەتەوە، بڕی ئەو ئاوەی دەڕژێتە نێو بەنداوی بۆکان، پێنج هێندە زیادیکردووە.
 
رۆژی هەینی، 12ی کانوونی یەکەمی 2025، عەباس عەباسی رایگەیاند، "لە ماوەی هەفتەیەکدا بڕێکی باش باران لە ناوچەکە باریوە، بە جۆرێک کە لە ناوچەکانی نزیک لە بەنداوەکە 103 ملیمەتر باران تۆمار کراوە و بڕی ئەو ئاوەی دەڕژێتە نێو بەنداوەکە، 45 مترسێجا لە چرکەیەکدا زیادیکردووە و گەیشتووەتەوە 51.3 مترسێجا لە چرکەیەکدا."
 
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی بۆکان ئاماژەی بەوەشکرد، بەنداوەکە ئێستا 40.6 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە، کە بەراورد بە هەمان ماوەی پار 125 ملیۆن مەتر سێجا کەمترە. 
 
بەنداوی بۆکان ئاوی خواردنەوە بۆ 23 شار و زیاتر لە 130 گوند لە پارێزگاکانی ورمێ، تەورێز و سنە دابین دەکات.
 
بەنداوی بۆکان گەورەترین بەنداوی پارێزگای ورمێیە و توانای لەخۆگرتنی 800 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە. بەنداوەکە دەکەوێتە 25 کیلۆمەتری باشووری رۆژهەڵاتی شاری بۆکان و لەسەر رووباری تەتەهوو دروستکراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە