دووکاندارێکی پیرەمەگروون: لافاو زیانی زیاتر لە 30 هەزار دۆلاری پێگەیاندووم

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ناحیەی پیرەمەگروونی قەزای دووکان یەکێک لەو شوێنانە بوو کە بەهۆی لافاوەکەوە زیانێکی زۆری بەرکەوت. دووکاندارێکی سنوورەکە دەڵێت، ''90٪ـی کەلوپەلی نێو دووکانەکەم تێکچوون و هیچ کەڵکیان نەماوە.''
 
رۆژی شەممە 13-12-2025، دوای چوار رۆژ لە دروستبوونی لافاو لە چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستان، هێشتا دۆخی دووکاندارانی ناحیەی پیرەمەگروونی سەر بە قەزای دووکانی پارێزگای سلێمانی بە تەواوی ئاسایی نەبووەتەوە. 
 

 

 

محەممە کاکل لە پیرەمەگروون دووکانی جوانکاریی هەیە و بە ئەرکان عەلی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''لەکاتی لافاوەکەدا ئاو چووە نێو دووکانەکەم، بەڵام هیچ دەسەڵاتێکمان نەبوو، لەبەر ئەوەی ئاوەکە چرکە بە چرکە زیادی دەکرد.''
 
''ئاو 70٪ـی کەلوپەلەکانی نێو دووکانەکەمی برد''
 
بەگوتەی محەممەد کاکل، زیانی دووکاندارانی سنووری ناحیەی پیرەمەگروون زۆرە، ''بەڵام تاوەکو ئێستا گرنگیی پێویستمان پێنەدراوە. ئێستا من زیاتر لە 30 هەزار دۆلار زیانم بەرکەتووە و 60٪ بۆ 70٪ـی ئەو کەلوپەلانەی لە دووکاندا هەمانبوو، لافاو بردنی.''
 
ئەو هاونیشتمانییە باسی لە کاتی دروستبوونی لافاوەکە کرد و گوتی، ''ئەو جامخانەیەی بە رەفە و هەموو شتێکەوە هێنایەدەر و لەگەڵ خۆیدا بردی. لەبەر ئەوەی دووکانەکەم لەسەر روکنە، لەلایەکەوە ئاو دەهاتە ژوورەوە و لەلایەکی دیکەوە شووشەکانی دەتەقاند و کەلوپەلەکانی لەگەڵ خۆی دەبردە دەرەوە.''
 
محەممەد کاکل بە گریانەوە دەڵێت، لە تەمەنی 11 ساڵییەوە باوکی کۆچی دوایی کردووە و ''ئەوەی کە رەنجم بۆی کێشاوە و کۆمکردووەتەوە، هەمووی لەنێوچوو.''
 
ئەو دووکاندارە باس لەوە دەکات لیژنەکان بۆ خەمڵاندنی زیانەکانی لافاو سەردانیان کردوون و ''ئەوەی کە پێویست بوو نووسیمان، گوتیان قەرەبوو دەکرێنەوە. بەبێ قەرەبوو هیچ تواناییەکمان نییە، خەرجییەکی زۆرم لە دووکانەکەم کردبوو.''
 
''20 هەزار دۆلار زیانم بەرکەوتووە''
 
محەممەد تاهیر، دووکانی قوماش و جلوبەرگی هەیە و بە رووداوی گوت، ''لافاوەکە کارەساتێک بوو کە تاوەکو ئێستا نموونەی نەبووە. نزیکەی 20 هەزار دۆلار زیانمان بەرکەوتووە. زۆربەی وماشەکانمان پاککردووەتەوە بەڵام هێشتا بەشێکیان تەڕن و بۆن دەگرن، بۆیە هیچ سوودێکیان نامێنێت.''
 
محەممەد تاهیر ئەوەشی خستەڕوو، خاوەن ئامێرەکانی شۆردن و وشککردنەوەی قوماش، ئامادە نین قوماشەکانیان بۆ وشک بکەنەوە، ''دەڵێن تۆپەکان کەمن و ئامێرەکانیان خراپ دەبن. ئێستا هەندێکیان بە قوڕ و لیتەوە ماونەتەوە و نازانین چیان لێبکەین.''
 
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە قوماشە پیسبووەکان شۆردراون، ''بەڵام هیچ کەسێک رازی نابێ بە داشکاندن و حەڕاجیش بیانکڕێت.''
 
''90٪ـی کەلوپەلی نێو دووکان تێکچوون''
 
رەنجدەر رەمەزان، خاوەن دووکانی جلوبەرگی پیاوانەیە و قسەی بۆ پەیامنێری رووداو کرد و گوتی، ''لافاوەکە زیانی زۆری پێگەیاندووین، 90٪ـی جلوبەرگ و کەرەستەکانی نێو دووکان تەڕ بوون و کەڵکیان نەما، ئەوەی کە ماوەتەوە تەنیا نموونەن، هیچ شتێکی دیکە دەرنەچوو.''
 
رەنجدەر رەمەزان دەڵێت، لیژنەی خەمڵاندنی زیانەکان سەردانیان کردوون و قەبارەی زیانەکانیان تۆمار کراوە؛ ''هیوادارین هاوکاریمان بکەن، بۆ ئەوەی بتوانین لە کارەکەمان بەردەوام بین.''
 
ئەو هاونیشتمانییە لەبارەی هێزی لافاوەکەوە ئاماژەی دا، ''پێشتریش لە پیرەمەگروون لافاو هاتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەو شێوەیە نەبووە، ئێمە خۆشمان پێمان وانەبوو لافاوێکی لەو جۆرە رووبدات، زۆر بەهێز بوو.''
 
بەهۆی بارانبارینەوە لە 9ـی کانوونی یەکەم لە بەشێکی باشووری کوردستان لافاو دروستبوو.
 
لافاوەکە تەنیا زیانی مادی نەبوو، بەڵکو بووە هۆی گیانلەدەستدانی پێنج هاونیشتمانی و بێسەروشوێنبوونی ئەندازیارێکی عەرەب.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە