ساڵانە بەرهەمی نێوخۆی ماسی زیاتر لە 10 هەزار تۆنە

14-01-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ بەرزبوونەوەی خواست، ساڵانە لە هەرێمی کوردستان هەوڵی زیاترکردنی بەرهەمهێنانی ماسی دەدرێت. بەگوێرەی ئامارەکان، ساڵانە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 10 هەزار تۆن ماسی بەرهەم دەهێندرێت، لە کاتێکدا خواستی ساڵانە زیاتر لە 80 هەزار تۆنە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 14-01-2024 بێستوون بەکر، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا و لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ زیاترکردنی بەرهەمی نێوخۆی ماسی، مۆڵەتی دروستکردنی 29 پرۆژەی نوێیان داوەتە هاونیشتمانیان.
 
بەرهەمی نێوخۆی ماسی ساڵانە زیاترە لە 10 هەزار تۆن. بێستوون بەکر دەڵێت، 413 مۆڵەتی فەرمییان داوە بەو کەسانەی حەوزی بەخێوکردنی ماسییان هەیە و داهاتی ساڵانەیان دەگاتە 3315 تۆن ماسی، بەڵام دوو هێندەی ئەوەش حەوزی بێ مۆڵەت هەن و بەرهەمیشیان زیاتر لە دوو هێندەی مۆڵەتدراوەکانە.
 
جگە لەو بەرهەمانەی لە حەوزەکاندا ساڵانە هەن، لە چەم و رووبارەکانیشدا ساڵانە سەتان تۆن ماسی راودەکرێن، بەڵام هیچ ئامارێکی دروستی بڕەکە بەردەست نییە.
 
لە هەرێمی کوردستان دوو پڕۆژەی گەورەی بەرهەمهێنانی پەنجەماسی هەن. بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، یەکێک لە پڕۆژەکان لە شاری هەولێرە و حکومییە و ساڵانە 800 هەزار پەنجەماسی بەرهەم دەهێنێت و بەشێکی بۆ بەنداوەکانە و بەشێکیشی بە رێژەی 25%ی پاڵپشتیکردن دەدەنە خاوەن پڕۆژەکان. پڕۆژەکەی دیکەش تایبەتە و ساڵانە یەک ملیۆن پەنجەماسی بەرهەم دەهێنێت.
 
ئیستا کیلۆیەک ماسی زیندوو لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان 6500 دینارە. بێستوون بەکر ئاماژەی بەوە کرد، تێچووی بەخێوکردنی ماسی گرانە و بەتایبەت ئالیکەکەی دەبێت تەندروست و بەهێزتربێت لە ئالیکی مریشک و پەلەوەر و نرخیشی گرانترە.
 
جگە لەو پرۆژانەی بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی پێداون و ئەوانەشی بێ مۆڵەتن، کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکەش هەن لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستانەوە مۆڵەتیان پێدراوە، لەوانەش پڕۆژەیەکی گەورەی ماسی لە دهۆک هەیە کە ئێستا بەشێکی ماسی تێدا بەرهەم دەهێندرێت و 50 تۆن ماسی تێدایە.
 
بەگوێرەی ستانداردی جیهانی، هەموو تاکێک ساڵانە 16 کیلۆ و نیو ماسی دەخوات. بێستوون بەکر دەڵێت، هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە زیاتر لە 80 تۆن ماسی هەیە. ئەوەی دەمێنێتەوە لە وڵاتانی تورکیا، ئێران و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراقەوە هاوردە دەکرێت، هەروەها ماسی بەستووش لە چەند وڵاتێکی دیکەوە دەهێندرێتە هەرێمی کوردستان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر

فڕۆکەخانەی هەولێر: شەوی رابردوو 38 گەشت دواخران

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەڵێت، شەوی رابردوو بەهۆی تەمەوە 38 گەشت بۆ ئەمڕۆ دواخران. کەشناسێکیش بە رووداوی گوت، "پێشبینی دەکرێ ئەمشەو تەنیا لە دەشتی هەولێر تەم هەبێت."