رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارانبارینی ئەم سێ رۆژەی رابردووەوە، پڕۆژەی ئاوی ئیفرازەکانی یەک، دوو و سێ لە هەولێر کارکردنیان راگیرا. بەڕێوەبەری ئیفراز سێ دەڵێت، سەرچاوەی ئاوەکە لێڵ بووە و لە شەوی رابردووەوە دابەشکردنی ئاویان لە هەولێر راگرتووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 14-01-2024، ئەندازیار هیوا عەبدولرەزاق، بەڕێوەبەری پڕۆژی ئاوی ئیفراز 3ـی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هەر سێ پڕۆژەکەی ئیفراز بەهۆی لێڵبوونی سەرچاوەی ئاوەکەیەوە لەکار وەستاون.
سەرچاوەی ئاوی پڕۆژەکانی ئیفراز زێی گەورەیە. بەڕێوەبەری ئیفراز سێ دەڵێت، هەر کات ئاوەکە روونبووەوە دابەشکردنی ئاو دەستپێدەکاتەوە.
پڕۆژەکانی ئیفراز لە هەولێر نیوەی ئاوی خاوێنی سنووری هەولێر دابین دەکەن. تەنیا پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ سەرچاوەی سەرەکیی 40 گەڕەکی شاری هەولێرە.
جگە لە پڕۆژەکانی ئیفراز، هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستێت. بەگوتەی بەڕێوەبەری ئیفراز سێ، 50%ـی دانیشتووانی هەولێر پشت بەئاوی بیرەکان و ئاوی ژێر زەوی دەبەستن.
هەولێر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەیە؛ ئیفراز یەک کە ساڵی 1967 دروستکراوە؛ ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێ ساڵی 2007 کەوتووەتە کار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ