رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، دوو کەس بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیركران. گوتەبێژی پۆلیس دەڵێت، "زێڕ و پارەیان دزیوە."
سێشەممە 14-01-2025 بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، "لەسەر سكاڵای دوو هاووڵاتی و لەلایەن مەفرەزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوردساتەوە، دوو تۆمەتبار دەستگیركران."
ئەو دوو هاووڵاتییە، کە دانیشتووی پرۆژەیەکی نیشتەجێبوونن، بە پۆلیسیان راگەیاندووە، زێڕ و پارەیان لێ دزراوە، هێزەكانی پۆلیس دەستیان بە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون كردووە.
رائید سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوردساتەوە تۆمەتباران بدۆزرێنەوە و دەستگیر بكرێن."
بە گوتەی رائید سەرکەوت، ئەو دوو تۆمەتبارە لە كاتی دەستگیركردنیشیاندا بڕێک دۆلار و زێڕیان پێبووە.
تۆمەتبار (أ، ع، ع) لەدایکبووی 2003یە و (أ، ع، ع) لەدایكبووی 2006ـە. رائید سەرکەوت گوتی، "بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 443 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون."
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوە دا، ئەو دوو تۆمەتبارە بەهۆی ئەوەی کاری پاککردنەوەیان بۆ ماڵان کردووە؛ شارەزای ماڵ و شێوازی هەڵگرتنی کلیلەکان بوون، ئەمەیان بە هەل زانیوە، پارە و زێڕیان دزیوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ