رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ورمێ دەڵێت، لە سەردەشتی سەر بە پارێزگاکە دەستیان بەسەر زیاتر لە 620 لیتر مادەی هۆشبەر لە جۆری شیشەی شلدا گرتووە و کەسێکیش دەستگیر کراوە.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 13-03-2025، ناسر عەتەباتی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، دوای وەرگرتنی زانیاریی ورد لەسەر کارگەیەکی دروستکردنی مادەی هۆشبەر لە شاری سەردەشتی سەر بە پارێزگاکە، لە هەڵمەتێکی هاوبەشدا لەگەڵ تیمەکانی پۆلیس، دەستیان بەسەر سەرجەم کەلوپەلی نێو کارگەکەدا گرتووە.
بەگوتەی ناسر عەتەباتی، لە کارگەکەدا جیا لە کەرەستەی جۆراوجۆر، دەستیان بەسەر 623 لیتر مادەی هۆشبەر لە جۆری شیشەی شل، 13 کیلۆگرام مادەیەکی دیکەی هۆشبەر و چەکێکدا گرتووە.
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ورمێ ئاماژەی بەوە کرد، پەیوەست بە دۆسیەکە کەسێک دەستگیرکراوە و لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.
پێشریش چەندین جار باس لە هەبوونی کارگەی دروستکردنی شیشە لەو شارە کراوە. 20ـی تشرینی دووەمی 2024 زەینولعابدین قولیپوور، بەڕێوەبەری پۆلیسی سەردەشت رایگەیاند، لە ژێرزەوینی چێشتخانەیەکی ناسراوی شارەکە مادەی هۆشبەر لە جۆری شیشەی شل دروستکراوە کە تیمەکانیان لە هەڵمەتێکدا چوونەتە سەری و دەستیان بەسەر 72 لیتر لە مادەکەدا گرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ