رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، خۆشحاڵن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بڕیارەی خۆهەڵوەشاندنەوەی دا و هیوادارن هەنگاوێک بێت بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە تورکیا و ناوچەکەدا.
فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی ئایاری 2025، لە شاری بەغدا کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی کرد.
لە وەڵامی پرسیاری هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا، سەبارەت بە بڕیاری چەکدانانی پەکەکە و رۆڵ و داواکاریی عێراق، فوئاد حوسێن گوتی: "خۆشحاڵین پەکەکە ئەو بڕیارەی دا؛ هیوادارین ئەمە هەنگاوێک بێت بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە تورکیا و ناوچەکەدا."
12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچوو. بەپێی ئەنجامی کۆنگرەکە، پەکەکە خۆهەڵوەشاندنەوەی راگەیاند.
سەبارەت بە چەکدانان و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵی، فوئاد حوسێن گوتی: "سەبارەت بە پرۆسەی چەکدانان و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵی، گفتوگۆیەکی قووڵمان لەگەڵ لایەنی تورکی کردووە. بۆچوونی دیاریکراو هەیە و هاوکاری لەنێوان حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و حکومەتی تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بڕیارە گرنگە؛ هیوادارین ئەو بڕیارە هەنگاوێک بێت بۆ گەیشتن بە ئاشتی و ئارامی لە تورکیا و ناوچەکەدا".
17ـی ئەم مانگە، لووتکەی کۆمکاری عەرەبی لە بەغدا دەکرێت. وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، بەشداریی سەرکردەکان لەم دۆخە تایبەتەدا کە ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت، جەخت لە کۆمەڵێک خاڵ دەکاتەوە، لەوانە خواستی سەرکردەکانی کۆمکاری عەرەبی بە یەکخستنی هەڵوێستی عەرەبی سەبارەت بە پرسەکانی پەیوەست بە کۆمکاری عەرەبی و پەرەپێدانی بەردەوام، ئابووری و خۆشگوزەرانی لە ژێر رۆشنایی ئەو ئاڵنگارییانە، پشتیوانی بەغدا لە وەبەرهێنان و رۆڵی کارای لە ناوچەکەدا.
وەزیری دەرەوەی عێراق باسی سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بۆ ناوچەکە کرد و خۆشحاڵی دەربڕی بەو سەردانە و لێکتگەیشتنی سەرکردەکانی وڵاتانی کەنداو لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و بڕیاری هەڵگرتنی سزاکانی سەر گەلی سووریا کە بە هەنگاوێکی گرنگی ناوبرد و گوتیشی، ئەوەی لە ریاز و بەغدا روودەدات، پرۆسەیەکی تەواوکارییە و لە بەرژەوەندی ناوچەکەدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ