رووداو دیجیتاڵ
لە دوو ناوچەی جیاوازی سنووری حاجی ئۆمەران دوو تەن کەوتنەخوارەوە کە گومان دەکرێت "مووشەک" بن. پەیامنێری رووداو لە سۆران گوتی، یەکێک لەو تەنانە لەکاتی کەوتنە خوارەوەیان، چەند مەترێک زەوییان قووڵ کردووە.
ئەندام جەبار پەیامنێری رووداو لە سۆران رایگەیاند، "کاژێر 9:50 دەنگی ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی لە باڵەکایەتی بیسترا، دوابەدوای ئەوە دوو دەنگی بەهێز بیسترا."
دوای بەدواداچوونی پەیامنێرمان دەرکەوت "ئاسەواری بڵێسەی ئاگر لە دوو شوێنی حاجی ئۆمەران بینراوە و تەنێک کە نازانرێت مووشەکە یان نا، لە دوو شوێن کەوتوونەتە خوارەوە، کە 4 بۆ 6 مەتر زەوی قووڵ کردووە."
یەکێک لەو شوێنانە سنووری گوندی رایەتە لە حاجی ئۆمەران و ئەوی دیکە لە نزیک رێگەی گشتیی نێوان چۆمان – حاجی ئۆمەران کەوتووەتە خوارەوە.
پەیامنێری رووداو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی چۆمان و حاجی ئۆمەران قسەی کردووە و دەڵێن، "تاوەکو ئێستا نازانین چی روویداوە، بەڵام کەوتنی ئەو تەنانە هاوکات بووە لەگەڵ دەنگی فڕۆکەکان لە ئاسمانی ناوچەکەدا."
لە بەرەبەیانی هەینییەوە جەنگی ئیسرائیل و ئێران دەستیپێکردووە دوای ئەوەی ئیسرائیل بە مووشەک و لە رێگەی فڕۆکە جەنگییەکانییەوە هێرشی کردە سەر ئێران. ژمارەیەکی زۆر بەرپرسی سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت. ئێرانیش لە وەڵامدا بە درۆن و مووشەکی بالیستی هێرشی کردەوە سەر ئیسرائیل.
لە هەردوولای شەڕەکە کوژراو و بریندار هەن کە بەشێکیان خەڵکی سڤیلن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ