رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، سەرجەم ئەو حاجییانەی لە رێگەی وشکانییەوە چووبوون بۆ حەج، ئەمڕۆ گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان.
رۆژی شەممە، 14ـی حوزەیرانی 2025، نەبەز ئیسماعیل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوێنێ و پێرێ، هەزار و 667 حاجیی خەڵکی هەولێر، سلێمانی و دهۆک کە بە رێگەی وشکانی چووبوون بۆ حەج، ئەمڕۆ هەموویان بە 70 پاس و بە سەلامەتی گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان."
لەکاتی گەیشتنەوەی کاروانی حاجییان بۆ هەولێر، بەشێک لە حاجییەکان قسەیان بۆ رووداو کرد، باسیان کرد کە رێگەکەیان سەلامەت بووە. هەروەها نزایان بۆ کوردستان کردووە کە پارێزراو بێت.
دوای شەڕی ئیسرائیل و ئێران، ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بڕیاردرا هەموو حاجییان بە رێگەی وشکانی بگەڕێنرێنەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف گوتی، هەموو ئەو حاجییانەی کە بە گەشتی ئاسمانیش چووبوون بە رێگەی وشکانی دەگەڕێنەوە. "دوێنێ بەشێکیان بەڕێکەوتن و رۆژانە نزیکەی 500 حاجی بەرێگەی وشکانی بەڕێدەکەون کە بە کۆی گشتی پێنج هەزار و 135 حاجین، تاوەکو 20ـی مانگ هەموویان دەگەنەوە هەرێمی کوردستان."
بۆ گەڕانەوەی حاجییان، رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا سعودیەکان کراوە و بە پاس تاوەکو دەروازەی عەرعەر دەیانهێنن و لەوێشەوە بە پاسی دیکە دەگەڕێنرێنەوە هەرێمی کوردستان.
دوێنێ دەستەی حەج و عومرەی عێراقیش رایگەیاند، بڕیاری داوە سەرجەم حاجییە عێراقییەکان بە رێگەی وشکانی بگەڕێنێتەوە بۆ وڵات.
16ـی ئایار، یەکەم کاروانی زیارەتکارانی رێوڕەسمەکانی حەج لە هەرێمی کوردستانەوە لە رێگەی وشکانییەوە بەرەو سعودیە بەڕێکەوتن و یەکەم گەشتی ئاسمانیش 19ـی هەمان مانگ بەرەو ئەو وڵاتە بەڕێکەوت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ