نزیکەی ملیۆنێک دەنگدەری هەرێمی کوردستان مەترسیی بێبەشبوونیان لەسەرە

14-07-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

زیاتر لە چوار ملیۆن دەنگدەر مەترسیی ئەوەیان لەسەرە لە دەنگدان بێبەش بن، ئەگەر کارتی دەنگدانەکەیان بە کارتى بایۆمەترى نەگۆڕن؛ لەو ژمارەیەش نزیکەی یەک ملیۆنیان لە هەرێمى کوردستانن.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رۆژی هەینی  14-7-2023بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، سێ ملیۆن دەنگدەر لە عێراق "کارتى دەنگدانى کورتماوەیان بۆ کراوە و دەبێت بیگۆڕن بە کارتى بایۆمەترى دەنگدان بە وێنە و پەنجەمۆرەوە، چونکە ئەو کارتە کورتماوەیە بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بەکارناهێنرێت."
 
بڕیارە لە 18ـی کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق بکرێت و وەک ئامادەکاریش بۆ ئەو هەڵبژاردنە لە 9ى تەممووز نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران لە 15 پارێزگا دەستیپێکرد کە تاوەکو 7ـی ئاب بەردەوام دەبێت.
  
هاوکات جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، نزیکەى یەک ملیۆن دەنگدەر لە هەرێمى کوردستان کارتى دەنگدانى کورتماوەیان هەیە کە لە رێگەیەوە ساڵى 2021 بەشدارى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقیان کرد.
 
جومانە غەلاى گوتیشى، "ئەو کارتە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە کاری پێناکرێت و دەبێت ئەو دەنگدەرانە سەردانى ناوەندەکانى دەنگدان بکەن بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بتوانن دەنگ بدەن."
 
13ـی تەممووز، نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران لە ناوەندەکانى دەنگدانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لە هەرێمى کوردستان دەستیپێکرد، ئەوەش وەک ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستان.
 
رۆژی دووشەممە، 10-7-2023 سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد و داوایکرد، ئامادەیی پیشانبدات بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. 
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان داوایکردووە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی رۆژی 18ی تشرینی دووەم یان 18ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنەکە بکرێت و سەرپەرشتیی بکات.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.