رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ سێ کەس لە ئاودا خنکان؛ بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ دەڵێت، دووان لەوانەی خنکاون خەڵکی زاخۆن و ئەوی دیکەیان خەڵكی سێمێلە.
رۆژی هەینی 14ـی تەممووزی 2023، رائید جەمال هەسن خەلیل، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ سێ هاونیشتمانی لە سێ رووداوی جیاوازدا لە ئاودا خنکاون.
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ ئاماژەی بەوەکرد، یەکێک لە هاونیشتمانییەکان کاژێر 04:30ـی ئێوارەی ئەمڕۆ لە ئاوێکدا لە گوندی دولا لە سنووری زاخۆ خنکاوە و تەرمەکەی دۆزراوەتەوە.
هاونیشتمانی دووەم، وەک جەمال هەسن دەڵێت، لە نزیک گوندی باکرما لە زاخۆ لە هەمان کاتدا و لە ئاوێکدا خنکاوە و تەرمەکەی دۆزراوەتەوە.
لەبارەی رووداوی سێیەمەوە، رائید جەمال هەسن گوتی، کاژێر 05:30ـی ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندی بەرەگەورە لە پڕۆژەیەکی ئاودا خنکاوە و تاوەکو ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی گەڕانن بە دوای تەرمەکەدا.
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ گوتیشی، ئەو سێ هاونیشتمانییەی خنکاون دووانیان خەڵکی زاخۆ و ئەوی دیکەشیان خەڵکی قەزای سێمێلە لە پارێزگای دهۆک.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو 104 کەس لەنێو ئاودا لە هەرێمی کوردستان خنکاون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ