وەزارەتی بازرگانی: دوو کۆمپانیا 200 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرن

14-07-2023
پەیمان محەممەد
جووتیارێک لە سایلۆی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
جووتیارێک لە سایلۆی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆی هەولێر بەهۆی قەرەباڵخییەوە راگیرا. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوو کۆمپانیای کەرتی تایبەت سەرجەم گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرن کە دوای وەرگرتنی 500 هەزار تۆنەکە دەمێنێتەوە.
 
رۆژی هەینی، 14-07-2023، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەشازیی هەرێمی کوردستان، سەردانی سایلۆی هەولێری کرد کە بەهۆی قەرەباڵخییەکی زۆرەوە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی راگرتبوو و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، لە رۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە کۆمپانیای خۆشناو و قەیوان ئامادەی وەرگرتنی سەرجەم گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانن کە دوای وەرگرتنی 500 هەزار تۆنەکە دەمێنێتەوە.
 
نەوزاد شێخ کامیل ئاماژەی بەوە کرد، یاداشتێکیان لەگەڵ ئەو دوو کۆمپانیایە هەیە و بەر لە هەر شتێکیش داوای ئەوە کراوە دەبێ لە ماوەی مانگێکدا سەرجەم شایستە داراییەکانی جووتیاران بدەن.
 
وەک بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەشازیی هەرێمی کوردستان گوتی، وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لەلایەن ئەو دوو کۆمپانیایەوە دوای کۆتاییهاتنی مۆڵەتی وەرگرتنی گەنم لەلایەن وەزارەتی بازارگانیی عێراقەوە لە 16ـی ئەم مانگە دەستپێدەکات و ماوەی یەک مانگیش بەردەوام دەبێت.
 
نەوزاد شێخ کامیل باسی لەوەش کرد، بەپێی یەکێک لە خاڵەکانی کۆنووسەکە، ''بە بەردەوامی ئەو دوو کۆمپانیایە و لیژنەیەکی هونەری ئێمەش، سەرپەرشتیی پڕۆسەکە دەکەن بۆ ئەوەی سەرجەم ئەو گەنمەی ماوە، تاوەکو 200 هەزار تۆن لە سلێمانی، هەولێر و دهۆک وەربگیرێت کە بێگومان هەر ئەو بڕە گەنمەش لە کوردستان دەمێنێتەوە.''
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، دوو کۆمپانیاکە گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بە پلەبەندی وەردەگرن و نرخی هەر تۆنێک گەنمی پلە یەک 700 هەزار دینار، پلە دوو 675 هەزار دینار و پلە سێ 650 هەزار دینار دیاری کراوە؛ گوتیشی، ''ئێمە وەکو وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی کشتوکاڵ، سوورین لەسەر ئەوەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لەم نرخە کەمتر نەبێت.''
 
وەزارەتی بازرگانیی عێراق پشکی هەرێمی کوردستانی لە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران 500 هەزار تۆن دیاری کردبوو کە 145 هەزار تۆنی پشکی پارێزگای هەولێرە، بەڵام بەشێک لە جووتیاران تاوەکو ئێستاش لەبەردەم سایلۆی هەولێر لە نۆرەدا وەستاون و گەنمەکەیان وەرنەگیراوە، ئەوە لەکاتێکدایە نەوزاد شێخ کامیل، لەمیانی قسەکانی ئاماژەیدا، دوو هەزار و 470 تۆن ماوە گەنم وەربگیرێت بۆ ئەوەی 500 هەزار تۆنەکە تەواو بکرێت.
 
داوا لە بەغدا کراوە 10 هەزار تۆن بۆ پشکی هەولێر لە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران زیاد بکرێت بۆ ئەوەی گەنمی سەرجەم ئەوانەی لە نۆرەدا ماون، وەربگیرێت. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە گوتی، ئەگەر بەغداش گەنمی ئەو جووتیارانە وەرنەگرێت کە لە نۆرەدا ماون، رادەستی کۆمپانیای قەیوان و خۆشناوی دەکەن.
 
یەکێک لە جووتیاران کە ناڕازییە لە رادەستکردنی گەنمەکەی بە کۆمپانیاکان، بە رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداوی گوت، ''من پسووڵەم هەیە، جووتیارم و ناوم تۆمار کراوە، دەبێ گەنمەکەشم لەم سایلۆیە وەربگیرێت. ئێمە گەنمەکەمان رادەستی کۆمپانیا ناکەین؛ حەقی خۆمانە؛ پسووڵەمان بۆ هاتووەتەوە و بە 825 هەزار دینار دەیدەینە سایلۆ.''

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.