رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا دەڵێت، ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کاریگەریی "نەرێنی" لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت و وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بە فەرمی پەیامی ئاراستەی حیزبەکانی هەرێمی کوردستان کردووە کە "هەرچی زووە" ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن و هەڵبژاردن بکەن.
عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، گوتی، رۆژی پێنجشەممە 13/7/2023 لەگەڵ وەزارەتی دەرەوی فەرەنسا کۆبوونەتەوە و فەرەنسا بە فەرمی "نیگەرانی" خۆی لە دواخستنی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان پێگەیاندووە.
عەلی دۆڵەمەڕی گوتیشی، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا داوای لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە ناکۆکییە سیاسییەکانیان وەلا بنێن و هەرچی زووە هەڵبژاردن بکەن.
نوێنەرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس هۆشداریی دەداتە لایەنە سیاسییەکان کە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەرێمی کوردستان دروستکردووە و تەنانەت دۆستەکانیشی نیگەران کردووە.
ئەوەی کە پەیوەندی بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە هەیە، ئەمڕۆ هەینی 14/7/2023 فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان "کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی بانگهێشتی هەولێر کرد و بە ئامادەبوونی جینین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرووەکان لە عێراق گفتوگۆیەکی چڕ لەبارەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان کرا."
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی، "رۆژی 10ـی تەممووز نووسراوێکمان ئاراستەی بەغدا کرد کە تێیدا وەبیرمان هێنانەوە کە رۆژی 26-03-2023 سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی ژمارە 90ـی دەرکردبوو و رۆژی 18-11-2023ـی وەکو رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردبوو، بۆیە داوامانکرد لەو رۆژەدا هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت."
لە نووسراوە فەرمییەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا داوا لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کراوە کە ئەگەر لەو رۆژەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەکو وادەی هەڵبژاردن دیاریکردووە ناتوانن هەڵبژاردن بەڕێوەببەن، لە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەم و لەگەڵ هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراقدا هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانیش بەڕێوەببەن و بە گوتەی فەوزی هەریری، "بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئاگادارمان بکەنەوە کە ئاخۆ دەتوانن ئەو داواکارییە جێبەجێبکەن."
رۆژی 7ـی کانوونی دووەمی 2024 وادەی کاری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆتاییدێت، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەگەر کۆمیسیۆن توانای ئەوەی نەبێت لەگەڵ هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات، دەبێت چاوەڕێ بکرێت پەرلەمانی عێراق کۆمیسیۆنێکی دیکە هەڵبژێرێتەوە و ئەوەش دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات."
لەبارەی بۆچوونی لایەنە سیاسییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق، فەوزی هەریری رایگەیاند، "سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کۆک بوون لەسەر ئەو وادەیەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ رۆژی هەڵبژاردن دیاریکردبوو و ئەگەر لەگەڵ هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق لە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەم لە کوردستانیش هەڵبژاردن بکرێت، سەرجەم لایەنە سیاسییەکان پێشوازی لێدەکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ