جووتیارێک لە دهۆک: هەزار تۆن بەرهەمی گەنمم هەبووە و سایلۆ تەنیا 200 تۆنی وەرگرتووە

14-07-2023
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
گۆڕەپانێکی گەنم لە سنووری سێمێل
گۆڕەپانێکی گەنم لە سنووری سێمێل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حاجی عەبدۆخان، جووتیارێکی دەشتی سلێڤانەییە لە قەزای سێمێل، ئەمساڵ هەزار تۆن بەرهەمی گەنمی هەبووە و دەڵێت، تەنیا 200 تۆنی لێ وەرگیراوە لە سایلۆ، ئەوانی دیکە بەشێکی فرۆشتووەتە بازرگان و دەشڵێت، 170 تۆنی ماوە و نازانێت چی لێبکات.
 
حاجی عەبدۆخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوو ساڵی پێشتر وشکەساڵی بوو، گوتمان بەڵکو ئەمساڵ قەرەبووی ساڵانی رابردوو بکەینەوە و گەنمەکانمان رادەستی سایلۆ بکەین، بەڵام تەنیا 200 تۆنیان لێ وەرگرتووم و ئەوانی دیکە لە ماڵە و نازانم چی لێبکەم، ئەوەی فرۆشتوومەتە بازرگانیش پارەکەی هیچ دیار نییە جارێ."
 
بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ لە سنووری سێمێل زیاتر لە 100 هەزار تۆن بووە، حکومەتی عێراق تەنیا چەکی بۆ 35 هەزار تۆن گەنم داوەتە جووتیاران کە دەکاتە 29٪ـی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی سنوورەکە، 71٪ـی بەرهەمی دیکەی جووتیاران ماوەتەوە و دەبێ لە بازاڕەکاندا هەرزانفرۆشی بکەن.
 
خالد محەممەد، جووتیار بە رووداوی راگەیاند، "نزیکەی 100 ملیۆن دینارم تەنیا لە مەڕەشە خەرجکردووە بۆ ئاودانی گەنم، ئێستا چۆن بچم گەنمەکەم بە 500 دینار بفرۆشم، هیوادارین حکومەتی عێراق چارەسەری ئەمەمان بۆ بکات."
 
عومەر نووری، جووتیارێکی دیکەی سنوورەکەیە و باس لەوە دەکات، "ئەوە نزیک دەبینەوە لە مانگی هەشت و گەنمەکانمان لێرەن هێشتا، خودا قبووڵی ناکات و دەبێت چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزرێتەوە."
 
نزیکەی مانگێک پێش ئێستا شاندێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزارەتی کشتوکاڵ سەردانی پارێزگای دهۆکی کرد بۆ زانینی بڕی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران، بەڵام هێشتا بەشی زۆری گەنمی جووتیاران ماوەتەوە و لە سایلۆکان وەرنەگیراوە.
 
وەلید عارف، بەڕێوەبەری هۆبەی کشتوکاڵی باتێل لە سنووری سێمێل دەڵێت، کاتێک لیژنەکەی بەغدا سەدانی کردوون، تەنیا باسی ئەو گەنمەیان کردووە کە دوورابوونەوە، باسی ئەوەیان نەکردووە کە هێشتا نەدوورابوونەوە. دەشڵێت، ئەگەر بابەتەکە سیاسی نەبێت، دەبێت هەموو گەنمی جووتیاران وەربگیرێت.
 
بەرهەمی ئەمساڵی گەنم لە پارێزگای دهۆک زیاتر لە 400 هەزار تۆنە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.