رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو لە خۆپێشاندانی هاونیشتمانییانی ناحیەی وەرتێ گرژی دروست بوو، کەسێک کوژرا. وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت: لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە و کەسوکارەکەی دڵنیا دەکەینەوە مافی هەموو لایەک پارێزراو دەبێت."
رۆژی دووشەممە، 13ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی کوژرانی هاونیشتمانییەک بڵاوکردەوە.
بە گوێرەی ئەو روونکردنەوەیە: "دەستبەجێ لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون بۆ لێکۆڵینەوە و گرتنەبەری رێکاری یاسایی لە رووداوەکە."
وەزارەتی ناوخۆ دڵنیایی دەداتە کەسوکاری "قوربانییەکە" و دەڵێت: "مافی هەموو لایەک پارێزراو دەبێت و لە دادگە رێکاری یاسایی جێبەجێ دەکرێت."
شەوی رابردوو بەشێکی دانیشتووانی ناحیەی وەرتێ بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە نەبوونی کارەبا لە سنوورەکەیان چوونە سەر پردی حافیز (پردەکە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قەزای چۆمان و ناحیەی وەرتێ پێکەوە دەبەستێتەوە) خۆپێشاندانیان کرد.
لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان گرژی دروستبوو، یەکێک لە دانیشتووانی گوندی سەرنەوس گوللـەیەکی پێکەوت و گیانی لەدەستدا.
ئەو کەسەی لە رووداوەکە گیانی لەدەستدا، ناوی حەسەن رەحمان بوو، تەمەنی 42 ساڵ بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ