زانیاریی نوێ لەسەر دۆسیەکەی شاسوار عەبدولواحید؛ خۆی دەڵێت بۆچی دەستگیرکراوە

14-08-2025
ئەحمەد حەمید
ئەحمەد حەمید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، وردەکاریی سەردانەکەی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە گرتووخانەی سلێمانی ئاشکرا دەکات و رایدەگەیێنێت، شاسوار عەبدولواحید پێیوابووە کەیسەکەی "سیاسییە" و پەیوەندیی بە نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقەوە هەیە.
 
سلێمان موحسین، گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند، "دوێنێ شاندێکی دەستەکە بە سەرۆکایەتیی دکتۆرە مونا، سەرۆکی دەستەکە سەردانی شاسوار عەبدولواحیدیان کرد، لە گرتن و گواستنەوەی سلێمانی، نزیکەی 20 خولەک لەگەڵی دانیشتن."
 
بە گوتەی گوتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤ، شاسوار عەبدولواحید پێیوابووە دەستگیرکردنەکەی سیاسییە و گوتوویەتی: "ئەم سکاڵایە ساڵی 2019 لەسەر من تۆمار کراوە، بۆچی لەم کاتەدا جێبەجێ دەکرێت؟ هۆکارەکەی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە."
 
سەبارەت بە سکاڵاکە، شاسوار عەبدولواحید بە شاندی دەستەکەی گوتووە: "ئەو ژمارە تەلەفۆنەی گوایە هەڕەشەی پێکراوە هی من نییە، بەڵکو هی لایەنێکی ئەمنی- سیاسیی زۆنی سلێمانییە."
 
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە کە پێش دەرچوونی بڕیاری دادگا بە غیابی، شوێنی نیشتەجێبوون و ئۆفیسەکەی لە سلێمانی دیار بووە و خۆی نەشاردووەتەوە، بۆیە "دەیانتوانی ئەو کاتیش دەستگیرم بکەن."
 
سلێمان موحسین باسی لەوە کرد کە شاسوار عەبدولواحید لە ژوورێکی تایبەتدا بووە و تەندروستیی باش بووە. سەبارەت بە مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان، شاسوار عەبدولواحید گوتوویەتی: "برادەرانی پۆلیس هاوکارن و رێزیان لێگرتووم و هیچ کێشەیەکم لەگەڵیان نییە."
 
گوتەبێژی دەستەکە ئەوەشی خستەڕوو کە شێوازی دەستگیرکردنەکە بەبێ تووندوتیژی بووە و بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانیش پێی راگەیاندوون کە کەلەپچەیان بۆ بەکارنەهێناوە و دوو ئەفسەریان بۆ پاراستنی لەگەڵدا بووە.
 
دەستەی مافی مرۆڤ جەخت دەکاتەوە کە وەک دامەزراوەیەکی بێلایەن کار دەکەن و رێز لە بڕیارەکانی دادگا و سەروەریی یاسا دەگرن، بەڵام هاوکات تێبینیی یاسایی خۆیان لەسەر کۆی پرۆسەکە هەبووە و پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکانیان کردووە.
 
لە ئەنجامی بەدواداچوونی دەستەکەدا، رێگە بە پارێزەری شاسوار عەبدولواحید دراوە تانە لەو بڕیارە بدات کە بە غیابی بۆی دەرچووە و بڕیارە رۆژی 24ی مانگ دانیشتنێکی دیکەی دادگا بۆ کەیسەکە بەڕێوەبچێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.