سوپای پاسداران لە گواستنەوەی چەکی قورس و هێزی سەربازی بۆسەر سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە

14-09-2023
رووداو @Rudawkurdish
دیمەنێکی جووڵەی هێزەکانی ئێران بۆسەر سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان
دیمەنێکی جووڵەی هێزەکانی ئێران بۆسەر سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گواستنەوەی چەکی قورس و هێزی سەربازیی سوپای پاسداران بۆ سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی ئەو وادەیەی ئێران دایناوە بۆ چەککردن و دوورخستنەوەی هێزی چەکداریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر سنوورەکان.
 
عەلی ئەکبەر پوورجەمشیدیان، فەرماندەی قەرارگای حەمزەی سەیدوشوهەدای پاسداران دەڵێت، "گواستنەوەی ئەم هێزە کە خەڵک لە ناوچەی باکووری رۆژئاوای وڵات دەیبینن، نیشانەی ئەوەیە کە هێزەکانی سوپای پاسداران سوورن لەسەر پاراستنی سنوورەکانی کۆماری ئیسلامی. ئەگەر ئەو شتەی کە کۆماری ئیسلامی چاوەڕوانی دەکات، جێبەجێ نەبێت، ئێمە پابەندی ئەو بەڵێنە دەبین کە بە خەڵکمان داوە."
 
ئێران دەڵێت، بوونی هێزی دژبەر لە سنوورەکان قبووڵ ناکات. شەوی رابردوو ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی ئێران لە کۆبوونەوە لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقدا گوتی، "بۆ کۆماری ئیسلامی قبووڵکراو نییە گرووپە کوردییەکان لە سنوورە هاوبەشەکان یان لەنێو خاکی عێراقدا چالاکی بکەن." ئەو پێداگری کردووە لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران.
 
لەدوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵی پارەوە، ئێران گوشاری زۆری بۆ حکومەتی عێراق هێناوە بۆئەوەی چالاکیی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان سنووردار بکات، بۆ ئەو مەبەستەش رێککەوتنێکی ئەمنیی لەگەڵ عێراق واژۆ کرد.
 
فوئاد حوسێن کە رۆژی چوارشەممە 13ی ئەیلوول گەیشتە تاران و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێراندا کۆبووەوە، گوتی، لە دوایین قۆناخی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەدان.
 
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، "ئێستا لە سەروبەندی گەیشتنین بە ئامانجی کۆتایی پلانەکە. گرووپە جیاوازەکان لەسەر سنووری عێراق و ئێران لە چەک داماڵدراون، کەمپ دروستکراوە و دەبێتە کەمپی پەنابەران، ئەم کەمپانە لە داهاتوودا دەکەونە ژێر پاراستنی رێکخراوی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، یان ژێر پاراستنی نێودەوڵەتی. دووپاتی دەکەینەوە کە حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکار بوون. لەلایەن هەردوولا پلانەکە و پابەندبوون و جێبەجێکردنی پلانەکە خراوەتەڕوو."
 
حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، فوئاد حوسێن "زانیاریی زۆر باشی پێداین سەبارەت بە دوورخستنەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان لە ناوچە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی و گواستنەوەیان بۆ قووڵایی خاکی عێراق بۆ ناوچەی هەرێمی کوردستانی کۆماری عێراق، هەروەها هەوڵدان بۆ چەککردنیان و جێبەجیکردنی هەموو مادەکانی رێککەوتننامە ئەمنییەکەی نێوان دوو وڵات، زانیاریی باشی پێداین. قۆناخەکانی دواتریشی لە رۆژانی داهاتوودا لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی ئەمنی بە تەواوەتی جێبەجێ دەکرێت."
 
لەدوای ناڕەزاییەتییەکانی ساڵی رابردوو، ئێران چەندین جار کەمپەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە باشووری کوردستان بۆردوومان کرد. ئێستاش هۆشداریی داوە ئەگەر تاوەکو 19ی ئەم مانگە ئەو حیزبانە چەک نەکرێن، هێرشیان دەکاتەسەر.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە