كشتوکاڵی هەولێر: بەهۆی هاوردەکردنی نایاسایی هەنار و پیازەوە 12 شوێنمان لە عەلوە سزادا

14-10-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی چاودێریی گومرگی کشتوکاڵی لە هەولێر دەڵێت، چەند بەرهەمێکی نێوخۆ ئاستی خۆبژێوییان تێپەڕاندووە و هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێن. ئاماژە بەوەش دەکات، 12 شوێنیان لە عەلوەی هەولێر سزاداوە کە هەنار و پیازیان بە نایاسایی هاوردە کردووە.
 
رۆژی شەممە 14ی ئۆکتۆبەری 2023 هۆشیار جەلیل، بەرپرسی چاودێریی گومرگی کشتوکاڵی لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێستا تەماتە، پەتاتە، پیاز، کەلەرم، چەوەندەر و هەنار لە پێداویستیی نێوخۆ زیاترن و هەناردەی پارێزگاکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراقیان دەکەین."
 
هۆشیار جەلیل ئاماژەی بەوە کرد، بەرهەمی ترێ و سێو ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمترە و هەناردەی شارەکانی دیکەی عێراقی ناکەن. گوتیشی، "هەناردەکردن بۆ هاوکاریی جووتیارانە بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیان."
 
جووتیاران گلەیی ئەوە دەکەن کە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمەکانیشیان هاوردەکردن بەردەوامە و بەهۆیەوە ئەوان زیانیان بەردەکەوێت. بەرپرسی چاودێریی گومرگی کشتوکاڵی لە هەولێر دەڵێت، "ئەو بەرهەمانەی پێداویستیی نێوخۆ زیاتر پڕدەکەنەوە هاوردەکردنیان قەدەخەیە یان هێندە باجی لەسەرە کەس نەتوانێت هاوردەی بکات، مەگەر بە نایاسایی."
 
هوشیار جەلیل رایگەیاند، هەر کەسێک بەرهەمی کشتوکاڵی بە نایاسایی هاوردە بکات رووبەڕووی سزای دەکەنەوە و گوتی، "لەم رۆژانەدا 12 شوێنمان لە عەلوەی هەولێر سزادا کە هەنار و پیازیان بە نایاسایی هاوردە کردبوو."
 
سزای ئەو کەسانەی لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمی نێوخۆیدا هاوردە دەکەن لە ملیۆنێک بۆ پێنج ملیۆن دینارە. بەرپرسی چاودێریی گومرگی کشتوکاڵی لە هەولێر گوتی، "ئەو 12 شوێنەی بە نایاسایی هاوردەیان کردبوو یەکی ملیۆنێک دینار سزا دران."
 
بەگوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، تاوەکو 31ـی مانگی 12 هاوردەکردنی پەتاتە قەدەخەیە؛ هەروەها لە 15ـی مانگی پێنجەوە تاوەکو 15ـی مانگی 11 هاوردەکردنی تەماتە هەر کیلۆیەک 750 دینار باجی لەسەرە؛ لە 15ـی مانگی چواریشەوە تاوەکو 15ـی مانگی 11 هەر کیلۆیەک خەیار 600 دینار باجی لەسەرە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.