رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە پاتریک دورێل, باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق كرد. باڵیۆزی فەرەنسا بەشداریکردنی سەرۆک بارزانی لە کردنەوەی رێڕۆی پێشمەرگە لە پاریس بە "هەنگاوێکی مێژوویی" ناوبرد لەپێناو "قووڵترکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان گەل و حکومەتی فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان."
لە دیدارەکەدا کە یان برێم، كۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر ئامادەی بوو، باڵیۆزی فەرەنسا "کردنەوەی رێڕۆی پێشمەرگەی لە پاریس بە هێمای "رێز و پێزانینی گەلی فەرەنسا وەسفکرد بۆ قوربانیدان و رۆلی بەرچاوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوە و تێکشکاندنی داعش و گرووپە تیرۆرستییەکان و پاراستنی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە."
پاتریک دورێل پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ هێزی پێشمەرگە دووپاتکردەوە.
سەرۆک بارزانی لای خۆیەوە "سوپاس"ی گەل، حکومەتی فەرەنسا، شارەوانی و سەرۆکی شارەوانیی پاریس کرد لە پێناو ئەو بڕیارە "مێژووییە"ـی بۆ کردنەوەی رێڕۆی پێشمەرگە لەناو جەرگەی پاریس دایان و ئەوەی بە "سیمبووڵێک بۆ تێکۆشان و قوربانیدانی پێشمەرگە لە پێناو ئازادیدا" وەسفکرد.
سەرۆک بارزانی باسی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و رایگەیاند، "سەرەڕای سەرنجی زۆرمان لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق کە کەموکوڕی زۆری تێدایە، بەشداری هەڵبژاردن دەکەین".
سەرۆک مەسعود بارزانی هەروەها گوتی، "گرنگە دوای هەڵبژاردن هەموو ئەو لایەنە سیاسییانەی دەیانەوێت شەفافیەت لە هەڵبژاردن دا هەبێت پێکەوە کار لەسەر دەرکردنی یاسایەک بکەن بۆ هەڵبژاردنەکان کە یەکسانی و دادپەروەری تێدابێت."
لەبارەی یاسای ئێستای هەڵبژاردنیش، سەرۆک بارزانی گوتی، ئەم یاسایەی ئێستا کاری پێدەکرێت یاسای ساڵی 2010یە و "ئەوکات بەلێنمان پێدرا کە مادەی 140ـی دەستوور جێبەجێ بکرێت و یاساکەش بۆ تەنیا یەک خوولی هەڵبژاردن کاری پێ بکرێت، بەڵام ئەم یاسایە تاوەکو ئێستا بەردەوامە و بەڵێنەکانیش جێبەجێنەکران."
پێشهات و گۆڕانکارییەکان بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە بە گشتیی و دۆخی سووریا و هەنگاوەکانی پڕۆسەی ئاشتیی لە تورکیا تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ