رووداو دیجیتاڵ
پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت لە سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دیالە زیاتر لە 10 هەزار دەنگیان هەیە و دڵنیان بەشداری کارای خەڵک دەیانکاتە خاوەنی کورسییەک لە سنووری پارێزگاکە.
پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستێکی سەربەخۆ لە دیالە بەشداریی نەکردووە،بەڵکو بەربژێرێکی ژنی بەناوی نازک ئەحمەد محەممەد فەرەج (ژمارە 8) لەنێو لیستی هاوپەیمانیی عەزم (ژمارە 241) بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەڕائی بەربژێر کردووە.
ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی 15 ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین لە کاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی کاژێر 8:00ـی بەیانی کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد رایگەیاند: "دەستمان کردووە بە بانگەشەیەکی شارستانیانە، لەسەر خۆ و هێمن، دەسدرێژی ناکەینە سەر مافی کەس، دەستدرێژیش قبووڵ ناکەین لەسەر مافەکانمان .''
لەبارەی ژمارەی دەنگدەرانیان لە سنووری دیالە و ناوچە کوردستانییەکانی ئەو پارێزگایە، ئەکبەر حەیدەر دەڵێ: "ئەگەر دەنگدەرانمان بەشێوەیەکی کارا بەشداری بکەن، زیاتر لە 10 هەزار دەنگمان هەیە لەسنووری خانەقین و ناوچەکانی دیکە، ئەو کەسانەی ئەندامی ئێمەن و دەنگدەری پارتین.''
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی بۆچی پارتی ژنێکی لەنێو لیستێکی عەرەبی بەربژێر کردووە، ئەکبەر حەیدەر دەڵێ: "پارتی دیموکراتی کوردستان پێش هەموو لایەنەکان و پێش هەر رێکارێکی هەڵبژاردن داوای لە یەکێتی و لایەنەکانی دیکە کرد، بە هاوپەیمانێتییەک بەشداری بکەین، بەڵام لایەنەکان رەزامەند نەبوون، دەنگەکانی پارتی لە سنوورەکە نەگۆڕە،10 هەزار دەنگ سەربەخۆ و بێ لیست نابێتە خاوەنی کورسی، بۆیە لەنێو هاوپەیمانی عەزم بە 10 هەزار دەنگدەر و هاوپەیمانێتییەکەش بە نزیکەی 50 هەزار دەنگ کورسییەکی پارێزگاکە مسۆگەر بکەین ، ئامانجمان ئەوەیە بە کورسییەک لەو سنوورە داکۆکی لە مافی خەڵک بکەین.''
ئەکبەر حەیدەر دەڵێ: "پارتی ئامادەبوو بۆ هاوپەیمانی لایەنە کوردستانییەکان، بەڵام لایەنی دیکە رازی نەبوون، ئێمە وەکو پارتی هیچ بەربەست و رێگرییەک لەبەردەممان نەبوو،بەڵام لایەنەکانی دیکە رەزامەندی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی وەربگرن،بۆیە ناچاربوون بەربژێر ببەنە نێو لیستێکی عەرەبی.''
بەرپرسەکەی پارتی ، رەتی دەکاتەوە بەربژێرکردنی کەسێک لە نێو لیستێکی دیکە پێچەوانەی دیدگە و بەرنامەی حیزبەکەی بێ بۆ بەرگری لە خەڵک و دەڵێ: "ئێمە دەستی دۆستایەتی و هاوپەیمانیمان بۆ هەموو لایەنەکان درێژ کرد، بەڵام نەیانکرد، بۆ ئەوەی دەنگەکانمان بە هەدەر نەچێت،بەربژێرێکمان لەنێو لیستی عەزم لە سنووری دیالە داناوە، ئامانجمان ئەوەیە کورسییەک ببەینەوە بۆ خزمەتی خەڵک و ئومێدیشمان ئەوەیە کورسییەک مسۆگەر بکەین.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ