تورکیا گیانلەدەستدانی بەرپرسێکی پەکەکە لە سلێمانی رادەگەیێنێت

14-11-2023
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی ئاژانسی دەوڵەتی تورکیا، بەرپرسێکی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە لە ئۆپەراسیۆنێکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (MIT) لە سلێمانی گیانی لەدەستداوە. هەپەگەش کوژرانی سێ سەربازی تورکیای لە ناوچەی زاپ لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.
 
ئاژانسی دەوڵەتی تورکیا رۆژی سێشەممە، 14-11-2023، بڵاویکردەوە، رەمزی ئاڤجی، بەرپرسی کەرکووکی پەکەکە لە ئۆپەراسیۆنێکی میتدا لە شاری سلێمانی کراوەتە ئامانج و گیانی لەدەستداوە. وەک ئاژانسی دەوڵەتی تورکیا دەڵێت، چیا ئەحمەد ناوی نهێنیی رەمزی ئاڤجی بووە و ناوی لە لیستی داواکراوانی تورکیادا هەبووە.
 
بەپێی ئەو زانیارییەی لە سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیادا بڵاوبووەتەوە، رەمزی ئاڤچی ساڵی 1992 پەیوەندی بە پەکەکەوە کردووە و لە باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان چالاکی هەبووە. ئاژانسی دەوڵەتی تورکیا وردەکاری لەبارەی چۆنێتی و کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە نەداوە. 
 
تاوەکو ئێستا میدیای نزیک لە پەکەکە هیچ راگەیێندراوێکی لەبارەی گیانلەدەستدانی رەمزی ئاڤجی بڵاونەکردووەتەوە.
 
لە لایەکی دیکەوە ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە هەر رۆژی سێشەممە بڵاویکردەوە، گەریلاکان لە ناوچەی زاپ لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی سوپای تورکیا بوونەتەوە و لە ئەنجامدا سێ سەرباز کوژران.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی پەروەردە: لە هەرێمی کوردستان خوێندن بە حەوت زمان هەیە

لە رۆژی جیهانیی زمانی دایکدا گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێ، خوێندن بە حەوت زمان لە هەرێمی کوردستان هەیە و لەنێویاندا جگە لە کوردی، تورکمانی و سریانی وەک زمانی دایک بە فەرمی دەخوێندرێن