رووداو دیجیتاڵ
چەندین کەس زیاتر لە ساڵێکە چاوەڕێی وەرگرتنی ڤیزای ئەڵمانیان بە مەبەستی یەکگرتنەوەی خێزان، بەڵام تائێستا بێهوودە ماونەتەوە و بۆیان دەرنەچووە.
سەمیرا خالید، دەرچووی زانکۆ، یەکێکە لەوانەی کە کاروبارەکانی لە نووسینگەیەکی گەشتیاریدا تەواو کردووە. ماوەی ساڵێک و دوو مانگە داواکاری پێشکەش کردووە بۆ وەرگرتنی ڤیزای ئەڵمانیا تاوەکو بگاتە لای دەستگیرانەکەی و شایی بکەن؛ ئەوان ماوەی دوو ساڵە دەستگیرانن و دەستگیرانەکەی لە ئەڵمانیایە.
سەمیرا خالید بە رووداوی گوت، "14 مانگە داوام پێشکەش کردووە، ئێستا نە پێمان دەڵێن ساڵێکی دیکە، یان دووی دیکە، نە پێمان دەڵێن نەماوە، نە پێمان دەڵێن دەبێت و راگیراوە بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەکمان پێ بدەن، و ئێمە ئێستا لە سەرەداین. من مامەڵەکانم رێکخستووە و هەمووی تەواو بووە".
بەهزاد جەمیل، سەرتاش، کە هاوسەرگیریی لەگەڵ ئافرەتێکی ئەڵمانی کردووە، دوای چەندین ساڵ مانەوە لە ئەڵمانیا، دیپۆرتکراوەتەوە. ئەمە 10 مانگە داواکاری نوێی پێشکەش کردووە تاوەکو بگەڕێتەوە لای هاوسەرەکەی، بەڵام هێشتا چاوەڕێیە.
بەهزاد بە رووداوی راگەیاند، "ئەوانیش دەیانزانی کە هاوسەرەکەم ئەڵمانییە. پێیان گوتم دەبێت بە رێگەی هاوسەرگیری و یاسا بگەڕێیتەوە ئێرە، و ئەمە 11 مانگە چاوەڕێم".
سێ هەزار کەس چاوەڕێی زانینی چارەنووسیانن
محەممەد کامل، خاوەن نووسینگەیەکی گەشتیاری، ئاشکرای کرد کە بەگوێرەی گوتەکانی، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا نزیکەی سێ هەزار کەس ئەو گرفتەیان هەیە.
محەممەد دەڵێت، پرۆسەی پێدانی ڤیزای یەکگرتنەوەی خێزان رانەوەستاوە، بەڵام کۆنسووڵخانە و باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا مامەڵەکان دوادەخەن بەبۆنەی سیاسەتی وڵاتەکەوە، "هەر ئەم مانگە 6 مامەڵەکاری لای من ڤیزایان بۆ هاتەوە لە بەغداوە".
ڤیزای ئەڵمانیی "لم شمل" جۆرێکە لە ڤیزا بۆ ئەو کەسانەیە کە ئەندامێک یان زیاتری خێزانەکەیان لە وڵاتێکی دیکەدا دەژین و مافی ئەوەیان پێ دەدرێت کە بگەنە پاڵ خێزانەکەیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ