ئێزدییەکانی ئەڵمانیا بۆ بەرلین: دیپۆرتمان مەکەنەوە، گفتوگۆ بکەن

15-01-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
"لەوەتەی گەیشتوومەتە ئێرە، بۆ یەک ساتیش کۆڵم نەداوە، هەمیشە هەوڵم داوە خۆم پەروەردە بکەم، خوێندنی زمانم تا ئاستی C1 تەواوکردووە و بەردەوامیش کارم کردووە. دواتر بڕوانامەی ئامادەییم (Abitur) تەنیا وەک دیپلۆمێکی تەکنیکی (Fachabitur) دانی پێدانرا، بۆیە ئێستا لە قوتابخانەیەکی ئێواران دەخوێنم بۆ تەواوکردنی بڕوانامەکەم. هەروەها هەموو هەوڵێکم دا بۆ ئەوەی لێرە بمێنمەوە، بۆ ئەوەی لێرە ماڵێکم هەبێت. بەڵام دەیانەوێت دیپۆرتم بکەنەوە" – عالیە حەسەن (لە رێکخراوی  HÁWAR.help، 2023). 
 
ساڵی 2023 ئەو ساڵە بوو کە پەرلەمانی ئەڵمانیا بە کۆی دەنگ دانی بە جینۆسایدی خەڵکی ئێزدی لە شنگال لە عێراق دانا؛ جینۆسایدێک دژی کەمینەیەکی ئایینی لەلایەن دەوڵەتی بەناو ئیسلامی (داعش) لە مانگی ئابی 2014. جینۆسایدەکە خاڵی وەرچەرخانێکی مەترسیدار بوو بۆ هەموو خەڵکی ئێزدی؛ چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر ژن، پیاو و منداڵانی ئێزدی لە کاتی جینۆساید و لە دوای جینۆسایدەکەش، بە شێوەیەکی سیستماتیک خەڵکیان کۆمەڵکوژ کرد، ژن و منداڵەکانیان کردنە کۆیلە، تووندوتیژیی سێکسییان کرد، منداڵانیان لە دایک و باوکیان جیاکردنەوە و ناچاریانکردن لەگەڵ چەکدارانی داعش بژین یان وەک کۆیلە کڕین و فرۆشتنیان پێوە کردن. بەزۆر ناچاریانکردن ببن بە موسڵمان و خستنیانە دۆخێکەوە کە بۆ گیاندەرچوونێکی هێواش دروستکرابوو. 
 
لەبەرئەوەی ئامانج لەم کارانە سڕینەوەی ناسنامەی ئێزدی و سەرەنجام لەنێوبردنیان بوو وەک کۆمەڵە خەڵکێک، ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەو کردەوانە تاوانی جەنگ و جینۆسایدن. شەڕی دوای ئەوە دژی داعش (2014-2017 لە عێراق)، کە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر شنگال لەخۆگرتبوو، شارێک کە شانبەشانی کۆچۆ و قنیە، چەقی جینۆسایدەکەی 2014 بوو، نزیکەی 80%ی ژێرخانی شارەکەی لەنێوبرد. لەو کاتەوە ژیانی ئێزدییەکان لە عێراق لە رەگەوە هەڵتەکێنراوە و زۆر لە خێزانەکان وڵاتیان جێهێشتووە یان هێشتا لە کەمپی ئاوارەکاندا دەژین کە زۆربەیان لە هەرێمی کوردستانن. تاوەکو ئێستا، بەهۆی ناسەقامگیری و نەبوونی چارەسەری سیاسی، هیچ گەڕانەوەیەکی بەرچاو لە ئاراردا نییە، بە تایبەتی بۆ ناوچەکانی باشووری شنگال. هەروەها، دوای نۆ ساڵ لە جینۆساید، داعش لە رووی سەربازییەوە لەنێوبردراوە، بەڵام لەرووی ئایدیۆلۆژییەوە، نا.
 
هەروەها ساڵی 2023 ئەو ساڵە بوو کە هەرێمە فیدراڵییەکانی ئەڵمانیا دەستیان کرد بە دیپۆرتکردنەوەی خێزانە ئێزدییەکان لە ئەڵمانیا – واتە بە پێچەوانەی ویستی خۆیان دەگەڕێندرێنەوە– یان ئەوەتا بۆ ئەو وڵاتانەی کە سەرەتا مافی پەنابەرێتیی پێداون. چەند هەفتەیەکە ئێزدییەکان لە دەرەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا لە بەرلین ناڕەزایەتی دەردەبڕن و هەندێکیان مانیان لە خواردن گرتووە. تاوەکو ئێستا، ئەو کارەیان سەرکەوتوو نەبووە. لە 20ی تشرینی دووەم ، خێزانێکی ئێزدی لە باڤاریا لەیەکدی جیاکرانەوە دوای ئەوەی کە دایک و باوک و دوو منداڵیان بە زۆر نێردرانەوە بۆ عێراق. دیپۆرتکردنەوەی ئەو خێزانە ئێزدییانەی کە لە ئەڵمانیا ژیانێکیان بونیادناوە، هەڵبژاردنێکی بەرپرسیارانە نییە بۆ داڕشتنی سیاسەت، بەڵکو نیشانەی دژبەیەکییە، لە کاتێکدا کە بوندستاگ دانی بە چەوساندنەوەی ئێزدییەکان لە عێراقدا ناوە و ئانالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوە شایەتحاڵی دۆخی سەختی بەردەوامی ژیانی ئێزدییەکان بوو لە سەردانەکەیدا لە مانگی ئادار بۆ شنگال. لەبری دیپۆرتکردنەوەی تاکەکانی وەک عالیە حەسەن کە بە زمانی ئەڵمانی قسە دەکەن و بۆ کارکردن مەشق و راهێنانی زۆریان کردووە، ئەڵمانیا دەتوانێت مامەڵەیەکی زۆر باشتر بکات بە گرتنەبەری هەڵوێستێکی دیپلۆماسی چالاکانە و گوشارکردن بۆ بەدیهێنانی چارەسەرێکی سیاسی کە رێگە بە ئێزدییەکان بدات بە سەلامەتی، ئارەزوومەندانە و شکۆمەندانە بگەڕێنەوە عێراق.
 
راستیی یەکەم: ئەڵمانیا دان بە چەوساندنەوەیاندا دەنێت، بەڵام دیپۆرتیان دەکاتەوە
 
لە دانیشتووانێکەوە کە پێش ساڵی 2014 بە نزیکەی 700 هەزار کەس مەزەندە دەکرا، ژمارەیەکی زۆری ئێزدییەکان عێراقیان جێهێشت، بەتایبەتی لە کاتی کۆمەڵکوژییەکەی نەینەوا و دوای کۆمەڵکوژییەکە. لەو ماوەیەدا 65 هەزار و 749 ئێزدی لە عێراقەوە داوای مافی پەنابەرییان لە ئەڵمانیا کرد؛ وڵاتێک کە ئێستا تاوەکو 200 هەزار ئێزدی تێدایە، بەمەش دەبێتە گەورەترین کۆمەڵگەی ئێزدی لە دەرەوەی عێراق لەسەر ئاستی جیهان. مامەڵەی ئەڵمانیا لەگەڵ پەنابەرانی ئێزدی لە هەرێمێکی فیدراڵییەوە بۆ یەکێکی دیکە جیاوازە. بۆ نموونە، بادن-ڤورتمبێرگ لە ساڵی 2014 بەرنامەیەکی مرۆیی تایبەتی وەرگرتنی پەنابەرانی خستەڕوو، پێداویستیی ژنان و منداڵانی ئێزدی تێیدا لەبەرچاوگیرابوون، کە زۆربەیان لەسەر دەستی داعش تووشی دەستدرێژی، رفاندن، بەشوودانی زۆرەملێ و کۆیلایەتیی سێکسی بوون(IOM 2023, p. 5). بۆندستاگی ئەڵمانیا لە بڕیارەکەی 18ی کانوونی دووەمی 2023یدا دان بەوەدا دەنێت کە: تاوەکو ئێستاش جینۆساید دژی ئێزدییەکان لە هەموو شوێنێک لە عێراق هەیە. تا ئێستاش زیاتر لە دوو هەزار و 700 ئێزدی بێسەروشوێنن. هێشتاش گۆڕی بەکۆمەڵ دەدۆزرێنەوە. جگە لەوەش، نزیکەی 300 هەزار ئێزدی ئێستا لە کەمپی ئاوارەکاندا لە هەرێمی کوردستانی عێراق، لە نێوەڕاستی عێراق یان لە سووریا دەژین بێ ئەوەی هیچ ئاسۆیەکی روون بۆ گەڕانەوەیان بە سەلامەتی بۆ ناوچەکانیان هەبێت. گەڕانەوەی بە سەلامەتی، ئەگەرێکی زەحمەتە بەهۆی ئەو دۆخە ئەمنییە زۆر ناجێگیرەی کە هێشتا لە شنگال زاڵە [...].
 
ئانالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوە لە سەردانەکەیدا بۆ شنگال رایگەیاند: "شنگال لە باکووری عێراق، ناوچەی نیشتەجێبوونی رەسەنی ئێزدییەکان، لێرە روون دەبێتەوە کە بۆچی هێشتا خەڵکێکی زۆر ناتوانن بگەڕێنەوە، تەنانەت دوای نۆ ساڵ لە جینۆسایدەکەی داعش. ماڵەکەیان وێران بووە."
 
لەگەڵ ئەوەشدا لە تشرینی یەکەمی 2023ەوە کەیسەکانی دیپۆرتکردنەوەی ئێزدییەکان ئاشکرابوون. تاوەکو ئێستا، ئەمساڵ لانیکەم 135 ئێزدی و پێکهاتەی دیکە دیپۆرتی عێراق کراون، ئەمەش بەهۆی رێککەوتنێکی نافەرمی نێوان حکومەتی ئەڵمانیا و حکومەتی عێراق بۆ گەڕانەوەی خەڵک بۆ عێراق. لە ساڵی 2022 ئەڵمانیا ژمارەیەکی زۆر کەمتری داواکاری مافی پەنابەرێتیی بەراورد بە جاران پەس‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌ندکرد، بۆ نموونە، 48.6٪ی داواکاریی عێراقییە ئێزدییەکانی پەسندکرد. ماڵپەڕی Pro Asyl بڵاویکردووەتەوە، ئێستا لە نێوان 5 هەزار بۆ 10 هەزار ئێزدی مەترسیی دیپۆرتکردنەوەیان لەسەرە. ئەم دۆزینەوانەی خوارەوە لە لیژنەی مافی مرۆڤ و یارمەتییە مرۆییەکانەوە وەرگیراون:
 
بەپێچەوانەی ساڵی 2014 تا 2017، نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی رایگەیاند کە ئێزدییەکان وەک گرووپێک چیدیکە لە عێراق ناچەوسێندرێنەوە. بەڵام نوێنەری فەرمانگەی دەرەوەی فیدراڵیی ئەڵمانیا دانی بەوەدا نا کە ئەم هەڵسەنگاندنە تەنیا دەتوانێت تا رادەیەکی سنووردار بۆ شنگال و دهۆک لە باکووری عێراق بگوترێت. دەبوو پەناخوازەکان تەنیا بۆ بەغدا دیپۆرتبکرێنەوە. (16/11/2023)
 
بەڵام نە ئەو گریمانەیە راستە کە دەڵێت بەغدا، کە بە گشتی ئێزیدییەکان پێشتر تێیدا نەژیاون (جگە لە شنگال)، سەلامەتە و نە ئەو خەمڵاندنەش کە دەڵێت چەوساندنەوەی ئێزدییەکان وەک کۆمەڵگەیەک، نەماوە.
 
راستیی دووەم: عێراق بۆ ئێزدییەکان سەلامەت نییە
 
ئێزدییەکان لە عێراق سەلامەت نین. لە قەزای شنگال، کە زۆربەی ئێزدییەکان پێش ساڵی 2014 تێیدا دەژیان، خەڵکی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی دۆخێک دەبنەوە کە لە زۆر رووەوە لە دوای کارە دڕندەکانی داعش لەو ناوچەیە نەگۆڕاوە. تەنانەت دوای تێکشکاندنی فەرمیی داعش لە کانوونی دووەمی 2017، سیاسەتڤانە خۆجێیەکان تیشکیان خستە سەر کەمیی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە و دادپەروەری. بەشی هەرە زۆری دۆخی شنگال، کەشوهەوای ترس و بێمتمانەیی قووڵ و گرژیی بەردەوامە، بە تایبەت لە نێوان ئێزدی و ئەو دانیشتووانە عەرەبەی کە تۆمەتبارن بەوەی لەگەڵ داعشدا بوون. لە هەمووی کێشەدارتر ئەوەیە کە لێپێچینەوەیەکی کەم لە دڕندەییەکانی داعش کراوە، لە کاتێکدا زۆر لە ئێزدییەکان دەڵێن کە دادگە گشتییەکان رێگە بە تاوانباران دەدەن بەردەوام بن لە ژیان لە ناوچەکەدا بێ ئەوەی بدرێنە دادگا:
 
ئێمە دەزانین کە بەشێک لەوانەی گەڕاونەتەوە، لەگەڵ داعش بوون. ئەوان پشتگیری داعشیان دەکرد بۆ داگیرکردنی ناوچەکە، بۆ رفاندنی ژنەکانمان، کەواتە یەکێک لەو هۆکارانەی جارێکی دیکە متمانەمان بەم کەسانە نەبێت ئەوەیە کە ئێمە دەزانین ئەوان لێرە بوون، ئەوانیش دەزانن. ئێمە تەنیا داوایان لێدەکەین [هۆزەکان] ناوی ئەو کەسانەمان پێ بدەن کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە یان دەستیان لەو شتانەدا هەبووە کە بەسەر ئێزدییەکاندا هاتووە، بەڵام کەس هاوکارمان نییە (هەڤپەیڤین، دهۆک، 24/01/2023).
 
ئەوانەی هەڤپەیڤینیان لەگەڵ کراوە، روونیدەکەنەوە کە ئەو ئێزدیانەی دۆسیە لە دادگا تۆمار دەکەن، زۆرجار هەڕەشەیان لێدەکرێت و ناچاردەکرێن دۆسیەکەیان بکشێننەوە. ئەم کارە لەم دواییانەدا زیادی کردووە. جگە لەوەش پاشماوە ئایدیۆلۆژییەکانی داعش، واتە ئیسلامیزم و تائیفەگەریی بەهێز کە ئێزدییەکان بەئامانج دەکەن و دەیانچەوسێننەوە، بەردەوامن. لە دوای بەزاندنی فەرمیی داعش، هێرشی خۆکوژی، بۆمبی چێنراو و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو کە داعش دژی ئامانجە سەربازییەکان و هاووڵاتیانی سڤیل دەکرێن و داعش لەئەستۆیان دەگرێت، بە چڕییەکی جیاوازەوە بەردەوامن و داعشیش سەرقاڵی لامەرکەزیکردنی خۆیەتی. پێدەچێت لە چەند هەفتەی رابردوودا داعش لە رۆژهەڵاتی سووریا لەسەر سنووری عێراق خۆی کۆکردبێتەوە.
 
دۆخی ئەمنیی شەنگال کۆنترۆڵکراوە بۆ ئەوەی هێرشی زیاتر نەکرێ و هەروەها لەبەرئەوەی لایەنە سەربازی و سیاسییە جیاجیاکان دەیانەوێت رێگری لە گەڕانەوەی ئێزدییەکان بکەن. کۆنترۆڵکردنی شنگال لەبەر هۆکاری جیۆستراتیژی و ئابووری کێبڕکێیەکی زۆری لەسەرە. ئەوانەی هەڤپەیڤینیان لەگەڵ کراوە، ئاماژەیان بە تیرۆرکردنی سەرکردە خۆجێییەکان - بەتایبەتی ئێزدییەکان و هێرشە دووبارەبووەوە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە کردووە، کە تا رادەیەکی زۆر لە میدیا نێودەوڵەتییەکان باس ناکرێن. تورکیا بنکەیەکی سەربازیی گەورەی لە نزیک شنگال هەیە؛ ناوچەکەش جێگەی سەرنجی گرووپە چەکدارەکانە کە پشتیوانکاری جۆراوجۆری دەرەکیان هەیە، لە پاڵ ئەمریکا و میلیشیاکانی لایەنگری ئێران، بەو پێیەی یەکێک لە رێگە سەرەکییەکان لە رۆژئاوا شنگال بە سووریا و لە رۆژهەڵاتیشەوە بە ئێران دەبەستێتەوە. ئەم رێگەیە بە رێگەیەکی سەرەکیی قاچاخچێتی (مادەی هۆشبەر، بازرگانیکردن بە مرۆڤ، چەک و تەقەمەنی) ناسراوە. ئێستا شەڕی کراوە بە کەمی هەیە، هەرچەندە ئەوانەی قسەیان لەگەڵ کراوە باسیان لەوە کردووە کە تەنیا ساڵی رابردوو 10 هەزار کەس بەهۆی شەڕەوە تازە ئاوارە بوون و زۆرجار لە ترسی دووبارەبوونەوەی پێکدادانەکان، ناوچەکە بەرووی خەڵکدا دادەخرێت. لەو ژمارە زۆرەی ئاوارەکان، ژمارەیەکی زۆریان رووبەڕووی زستانێکی دیکە دەبنەوە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان و ناتوانن بگەڕێنەوە. هیچ گەرەنتییەکی ئەمنی بۆ دانیشتووانی شنگال نییە (هەڤپەیڤینەکان، دهۆک، کانوونی دووەمی 2023).
 
راستیی سێیەم: دروستکردنی گوشاری دەروونی و دیپۆرتکردنەوە بۆ بەغدا مەترسی بۆ سەر ژیان دروست دەکات
 
لەگەڵ بەردەوامبوونی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، نزیکەی دوو هەزار و 700 لەوانەی رفێنراون تاوەکو ئەمڕۆش بێسەروشوێنن (هەڤپەیڤینەکان، دهۆک، تەممووزی 2017)، کارەکانیش بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی رفێنراون  بەردەوامن. زەبر و زەنگ ئەو گوشاری دەروونی ئەو لێکەوتە درێژخایەنەیە کە دەبێت ئێزدییەکان رۆژانە پێیدا تێپەڕن. بە گوتەی فەیسەڵ حەموود بەشار، ئەندامی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵەی رۆشنبیری بۆ ئێزدییەکان لە شاری کۆڵن، ئێزدییەکان سەلامەتی و ماڵی دووەمیان لە ئەڵمانیا دۆزیوەتەوە (هەڤپەیڤین، 04/12/2023). دیپۆرتکردنەوەیان بۆ عێراق دەبێتە هۆی ئەوەی جارێکی دیکە بکەونەوە ژێر گوشاری دەروونی. دکتۆر کەمال سەیدۆ و فەیسەڵ حەموود بەشار هاوڕان لەسەر ئەوەی کە ئێزدییەکان کە ساڵانێک لەمەوبەر هاتوونەتە ئەڵمانیا و ژیانیان لێرە بونیاد ناوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەڕەشە و مەترسیانەی کۆمەڵگەکەیان ڕووبەڕوویان دەبنەوە، نابێت دیپۆرتی عێراق بکرێنەوە.
 
رێگەچارەکان: ئەڵمانیا دەتوانێت دیپلۆماسیانە مامەڵەی لەگەڵ بکات
 
ئەڵمانیا دەتوانێت و پێویستە چالاکانە هاوئاهەنگی بکات بە بەکارهێنانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ عێراق و تورکیا بۆ کارکردن لە پێناو باشترکردنی دۆخی ئەمنی بۆ دانیشتووانی ئێزدی لە عێراق- گرنگ نییە حکومەتی فیدراڵی تاچەند رووبەڕووی کەمتەرخەمی دەبێتەوە.
 
رێگەچارەکان لە لایەک بریتین لە هەوڵدان لە پێناو رێککەوتنێکی هەموارکراوی شنگال کە لە رووی جێبەجێکردن و بڕیاردانەوە، ئێزدییەکان بەشێک بن لێ و بە گوێرەی داواکارییەکانی خەڵکی ئێزدی بن، هەروەها پێویستە رێککەوتنەکە بە جۆرێک باشبکات کە پشتگیری لە ژیانی ئەو ئێزدییانە بکات کە لە عێراق ماون، لەنێویاندا کۆتاییهێنان بە کوشتنی هاووڵاتیانی سڤیل بەهۆی هێرشە سەربازییەکانی تورکیاوە. لە لایەکی دیکەوە بەردەوامبوون لە دابینکردنی پەناگەیەکی سەلامەت بۆ ئەو کەسانەی کە پێشتر ژیانیان لە ئەڵمانیا ئاوەدان کردووەتەوە، شتێکی زۆر پێویستە. ئەڵمانیا پێویستی بە کۆچبەرانی وەک عالیە حەسەن هەیە، کە کار دەکەن و بەدوای خوێندندا دەگەڕێن- دیپۆرتکردنەوەی ئەوان یان ئەندامانی خێزانەکانیان چارەسەر نییە. پێویستە حکومەتی ئەڵمانیا قەدەخەیەکی سەرتاسەری بخاتە سەر دیپۆرتکردنەوەی پیاو، ژن و منداڵانی ئێزدی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بکاتە کاری لە پێشینەی خۆی و قورسایی خۆی بخاتە خزمەت گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان.  
 
راپۆرت: کارینا یێلدرم شولزینگ، ئەندامی ناوەندی بۆن بۆ لێکۆڵینەوە لە ململانێکان (BICC)
 
وەرگێڕان: بژار زوبێر 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.