نوێنەری مەسەدە لە ئەمریکا: کۆبوونەوەی نوێنەری سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی هەنگاوێکی گرنگە بۆ یەکێتیی کورد

15-01-2025
سیروان عەباس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات - مەسەدە لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، کۆبوونەوەی نوێنەری سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی هەنگاوێکی گرنگە بۆ یەکێتیی کورد.
 
سینەم محەممەد، نوێنەری مەسەدە لە ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، "دیداری فەرماندە مەزڵووم عەبدی لەگەڵ د. حەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک مەسعود بارزانی هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی یەکێتیی کورد و پەیوەندییە دوولایەنەکان."
 
نوێنەرەکەی مەسەدە گوتیشی، "ئەم دیدارە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پشتیوانی لە دیالۆگ لەگەڵ دیمەشق و بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی گەلی سووریا."
 
هەر لەبارەی کۆبوونەوەی نوێنەری سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی، سینەم محەممەد ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەم دیدارە پێداگریی سەرۆک بارزانی لەسەر بەهێزکردنی ئارامی و هاوکاری لە ناوچەکە و جێگیرکردنی مافەکانی گەلەکەمان نیشان دەدات."
 
رۆژی 13-01-2025، د.عەبدولحەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک مەسعود بارزانی گەیشتە رۆژئاوای کوردستان و لە حەسەکە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبووەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکە کە داخراو بوو لەبەردەم میدیا، د.عەبدولحەمید دەربەندی، پەیامی سەرۆک مەسعود بارزانی گەیاند، کە جەختی لەسەر گرنگیی یەکڕیزیی کورد کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هەنووکەییەکانی سووریا.
 
میدیای هێزەکانی سووریای دیموکرات بڵاوی کردەوە، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات سوپاسی پەیام و پشتیوانی سەرۆک بارزانی کردووە و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە قۆناخی ئێستا پێویستی بە یەکخستنی هەوڵەکانی نێوان هەموو لایەنە کوردییەکان هەیە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و دەستەبەرکردنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رائید فوئاد ئەحمەد زراری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان.

پۆلیسی دارستان: پار زیاتر لە 1600 سەرپێچیی ژینگەیی تۆمارکراون

بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پار هەزار و 666 سەرپێچیی ژینگەیی تۆمار کراون، گوتیشی، هەر لەو ماوەیەدا نزیکەی 956 هەزار و 300 دۆنم پووش و پاوان سووتاوە.