دابەشکردنی کوردستانی عوسمانی بەسەر هەردوو دەوڵەتی سووریا و عێراق دا

15-03-2024
خالید جەمیل
A+ A-
(تقسيم كوردستان العثمانية الى دولتي سوريا و العراق - دابەشکردنی کوردستانی عوسمانی بەسەر هەردوو دەوڵەتی سووریا و عێراق دا) توێژینەوەیەکی (د. ئازاد ئەحمەد عەلی)یە و چاپی یەکەمی لە ساڵی 2024 دا لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو بڵاوکراوەتەوە.
 
ئەم توێژینەوەیە کە دابەش دەبێتە سەر پێنج بەش و 27 چاپتەر، کەلێنێک لە هەردوو کتێبخانەی عەرەبی و کوردی دا پڕدەکاتەوە. نووسەرەکەی میتۆدێکی زانستی پەیڕەوکردووە کە پشت بە بەڵگە و سەرچاوە و ژێدەری هەمەجۆر دەبەستێ و لە گریمانە بەراییەکانەوە پێدا دێت تاوەکو دەگاتە ئەنجامێک، لە پووختەی ئەو خاڵە سەرەکییانەدا بەرجەستە دەبێ کە توێژینەوەکەی لەسەر هەڵچنیوە و لە پێناسەی (کوردستانی عوسمانی)شەوە دەست پێدەکات، پاشان بە سەردەمە مێژووییەکان دا تێدەپەڕێ تاوەکو دەگاتە ئەمڕۆمان.
 
نووسەر کۆمەڵێک بیرۆکەی نوێی خستوونەتەڕوو کە پەیوەندییان بە میرنشینە کوردییەکان و سەربەخۆییانەوە هەیە، ئەوە وێڕای هێنانەبەرهەمی چەمکی (گەلانی پایەدار) کە "پێش شێوەگرتن و فۆرمولە بەراییەکانی دەوڵەت، هەبوونی کۆمەڵایەتی - ژیاریی خۆیان سەلماندووە.." و "کۆمەڵگەکانی ئەم گەلانە ئارەزووی خۆیان بۆ گوزارشتکردن لەخۆ دەربڕیوە و داوای مافی خۆبەڕێوەبەری و سەروەرییان لەسەر ناوچەکانی خۆیان کردووە".
 
ئەوە سەرباری شێوازی بیناسازیی گوندەواری کە بەڵگەیە بۆ بەردەوامی ئەو گەلانە و ئینجا پێکەوەبەستنەوەی ئەو سەردەمە مێژووییە دێرینانە بە سەردەمەکانی دواترەوە کە تێیاندا سیاسەتی بەعەرەبکردن و نکۆڵی لە بوون و رەسەنایەتیی کورد لە ناوچەی جەزیرەی فورات سەرهەڵدەدات.
 
نووسەری کتێبەکە سەرجەم لایەنە مێژوویی، جوگرافی، سیاسی، دێمۆگرافی، هزری و زمانەوانییەکانی ئەم توێژینەوە وردەی لە باسێکی مێژوویی تێروپڕدا بەسەر کردووەتەوە. توێژەر ویستوویەتی بەم کارەی، کتێبخانەکان بە بابەتێک دەوڵەمەند بکات کە رۆڵی دەبێت لەسەر نەهێشتنی هەر هەڵەتێگەیشتنێک بۆ ئەو باسانەی شێوێندراون یان تەمومژیان بەدەورەوەیە.
 
(دابەشکردنی کوردستانی عوسمانی بۆ دوو دەوڵەتی سووریا و عێراق) بەدوای سەرەداوی رەگوڕیشەکانی کۆمەڵگەی کوردی دا چووە، هەروەها چۆنیەتی پەرەسەندنی لەڕووی سیاسییەوە کە بە چەند سەردەمێکی مێژووییدا تێپەڕیوە و سەرئەنجام ئەمە دەبێتە بنەما بۆ ئەوەی کە بە (کوردستانی عوسمانی) دەناسرێت، ئەمەش وەک ئاماژەیەکە بۆ خاکی کوردستان کە بە درێژایی چەندین سەدە ژێردەستەی دەوڵەتی عوسمانی بووە و پاشان لێکەوتەکانی ئەم ژێردەستەییە لەسەر بوارەکانی جوگرافی، سیاسی، ئابووری، دیمۆگرافی و نەتەوەیی و رەنگدانەوەی لەسەر ئێستا و ئایندەی گەلی کوردستان کە توێژینەوەکە بە فاکتی مێژوویی و بەڵگەی روون، رەسەنایەتیی ئەم گەلەی لەسەر ئەو خاکە سەلماندووە کە لەلای باکوورییەوە هاوسنوورە لەگەڵ ئەو خاکەی عوسمانییەکان لەشێوەی کۆچی بەکۆمەڵ دا بۆی هاتوون و لای باشووریشەوە هاوسنوورە لەگەڵ ئەو خاکەی عەرەبەکان کۆچیان بۆ کردووە. دواتریش هەردوو ئەم نەتەوانە کە لە شوێنی دیکەوە هاتوون، هەریەک لای خۆیەوە دەست بەسەر بەشێکی خاکی کوردستان دا دەگرن.
 
لێکۆڵینەوەکە بابەتی هەمەجۆری بەسەر کردووەتەوە و لە بنکۆڵی ریشەکانی هەردوو چەمکی (کورد) و (کوردستان)دا قووڵ رۆچووە، ئەوە سەرباری بەسەرکردنەوەی میرنشینە کوردییەکان و کۆمەڵگە کوردییەکان لەو ناوچانە و ئەو کۆمەڵگە عەرەبیانەی لەڕووی جوگرافییەوە، ناوچەکانیان تێکەڵ بە ناوچەکانی کورد بووە و ئینجا ئەو پەیوەندییەی کە ئەم کۆمەڵگەیانە پێکەوە دەبەستێتەوە. پاشان فۆکەس دەخاتە سەر مەسەلەی گواستنەوەی ئەم کۆمەڵگە کوردییانە لە سیستمی میرنشینی و دەسەڵاتی سەربەخۆوە بەرەو قۆناخی هاوپەیمانێتی لەگەڵ عوسمانییەکان و پاشان ئاوێتەبوونیان لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی.
 
دواتر دەگاتە وەرچەرخانی پاش جەنگی یەکەمی جیهانی، ئەو رووداوەی کۆمەڵگە کوردییەکانی ژێر سایەی دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی تووشی بوومەلەرزەیەکی سیاسی و شارستانی کرد، بەهۆیەوە لەبەریەک هەڵوەشان و کۆتایی بە رۆڵی سیاسییان هات "لە دروێنەی کۆتاییشدا، کورد بەو سیفەتەی نەتەوەیەکن، مافی ئەوەیان نەما لەڕووی سیاسییەوە سەروەری خۆیان بن و ئەو هەلەیان لەدەستچوو دەوڵەتی نەتەوەی یەکگرتوو دامەزرێنن".
 
توێژینەوەکە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامە کە "هەردوو ناوی (کورد) و (کوردستان) لە ئەدەبیاتی عوسمانی دا زۆر هاتوون، ئەمە بەردەوام بووە تاوەکو ئەوکاتەی یەکێتیخوازە نەتەوەییەکانی تورک گەیشتنە دەسەڵات، لێرەوە ئیدی تاریکی دەخرێتە سەر ئەم ناوە وەکو هەنگاوی یەکەم و پاشان دەشێوێنرێ و ناوەکە بە یەکجاری لە پەرتووک و نووسراوە فەرمی و ئیداری و سیاسییەکان دا قەدەخە دەکرێت. ئەوەی ئەم ناوە بەسەر زاریدا بێت سزا دەدرێت. ناوەکە ئیدی دەگۆڕێت بۆ باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ".
 
لێکۆڵینەوەکە، مەبەستی لە چەمکی (کوردستانی عوسمانی) روونکردووەتەوە و دەڵێت، "مەبەست لێی ئەو دوایین قەوارە سیاسی و بەڕێوەبەرییەیە کە بەرهەمی کارلێکە شارستانی و ئاواکاری و سیاسییەکانی زۆربەی حکومەت و میرنشینە کوردییەکان بووە و ئەم کارلێکەش لە ماوەیەکی درێژدا روویداوە. دامەزراندنەکەی بە فەرمی و وەکو هەرێمێکی فراوان بەناوی (ئەیالەتی کوردستان) کە لە رۆژنامەی (تقويم الوقائع) دا بڵاوکراوەتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ 5ی موحەڕەمی 1264ی کۆچی (14ی کانوونی یەکەمی ساڵی 1847ی زایینی). ئەم راگەیاندنە پەیوەندییەکی پتەوی بە لەنێوبردنی بزاڤەکەی (بەدرخان بەگ)یشەوە هەیە کە رێبەرایەتی پڕۆژەی یەکێتییەکی فراوانی دەکرد لەنێو ئەو میرنشینە کوردیانەی خوازیاری سەربەخۆیی و رزگاری بوون لە سەردەستەیی عوسمانی".
 
ئەم توێژینەوەیە پەلوپۆ بۆ بوارەکانی هەمەجۆری جوگرافیا، سیاسەت و مێژوو دەهاوێژێت و باسی رۆڵی هێزە کۆڵۆنیالیستەکان دەکات لە دووبارە رەنگڕێژکردنەوەی سنوورەکانی ئەم ناوچەیە و دامەزراندنی هەردوو دەوڵەتی سووریا و عێراق، هاوتەریب لەگەڵ لەدایکبوونی تورکیای کۆماری بە سنوورە نوێیەکەیەوە کە توانی تەنیا بەشێکی ئەیالەتی کوردستانی عوسمانی بۆخۆی ببات. بەشە گەورەکەی ئەم ناوچەیە بەر هەردوو دەوڵەتی سووریا و عێراق کەوت، ئەوەش لە ماوەی چەندین ساڵی شێوەگرتنیان دا کە ماوەیەکی درێژی لەنێوان هەردوو جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم (1920-1940) دا خایاند.
 
پاشان باسی ئەوە دەکات کە چۆن بەشێکی ناوچەکانی کوردستان خرانە سەر ئەم دوو قەوارە نوێیە و "بەگوێرەی کۆمەڵێک پەیماننامە و رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی کە هێزە کۆڵۆنیالییە سەرکەوتووەکان دایانڕشتبوون، کرانە بەشێک لەم دوو دەوڵەتە".
 
لە چوارچێوەی گەڕاندا بەدوای رەگوڕیشەی ئەو گرێ مێژووییە سیاسییەی وایکردووە (کوردستانی عوسمانی) بەوشێوەیە بکەوێتەوە کە لە ناونیشانی کتێبەکەدا بەرجەستەیە، لێکۆڵینەوەکە هەوڵدەدات وەڵامی زۆر پرسیار بداتەوە کە لە لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکانی پێشتردا نەهاتوونەتە بەرباس و ئەو لێکۆڵینەوە و توێژینەوانە کنەی ئەو راستییانەیان نەکردووە کە پەیوەندییەکی بەتینیان بە بیرۆکەی "هاوخوێنیی عەرەب"ـەوە هەیە و لێکۆڵینەوەکە وا بۆی چووە ئەمە ئەو پاشخانە مێژووییە بێت کە بۆ پشتیوانی لە مافی سەروەری و دەسەڵاتی عەرەب بەسەر ناوچەیەکی بەرفراوانی سووریا و جەزیرەی فوراتی و عێراق دا پێویست بووە.
 
ئەمەش لە پێکهاتنی هەردوو دەوڵەتی سووریا و عێراق دا بەم سنوورانەی ئێستایانەوە، بەجۆرێک رەنگدانەوەی لەسەر شێوەی بیرکردنەوە هەبووە کە نە هەر تەنیا دان بە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی کوردی دا نانێ، بگرە هەر خەریکی پایەدارکردنی پرۆسەی تواندنەوەی ئەو کۆمەڵگەیە بووە لەنێو کۆمەڵگەی عەرەبی دا و بەشێکی گەورەی توێژی دەستەبژێری عەرەبیش پشتیوانییان لەمە کردووە.
 
پێکداچوونی ئەو هەموو هەڵە مێژوویی و جوگرافی و سیاسییە، لێکۆڵینەوەکەی بەرەو کنە و پشکنینی ئەو راستییانە بردووە کە لە چیرۆک و گێڕانەوە عەرەبی و ناعەرەبییەکاندا خراونەتەڕوو "ئەوەش یەکەم بە ئامانجی تێگەیشتن لە چیرۆکی شێوەگرتنی ئەیالەتی کوردستانی عوسمانی و دووەم سیاقی گواستنەوەی بەشێکی گەورە لە خاکی ئەم ئەیالەتە بۆ سەر خاکی هەردوو دەوڵەتی سووریا و عێراق"، کەواتە گرنگ بووە بەدواداچوونێک بۆ سنوورە جوگرافی و سرووشتی و ئیدارییەکەی ئەم ئەیالەتە بکرێت.
 
لەپاڵ ئەویشدا، بایەخ بەو لایەنانەی بدرێ کە پەیوەندییان بە ئاواکاری و دانیشتووانییەوە هەبووە. ئەمە گرنگە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو بانگەشەیەی کە دەڵێت "کورد لە شێوەی کۆچی بەکۆمەڵ دا هاتوونەتە سەر خاکی سووریا".. ئەمە گوتاری هەموو ئەو حکومەتە عەرەبییانە بووە کە نکۆڵییان لە کەڤناری و رەسەنایەتی بوونی کورد لە ناوچەی جەزیرەی فورات کردووە. رەسەنایەتی و تایبەتمەندیی کۆمەڵگەیەک کە لێکۆڵینەوەکە بە "کۆمەڵگەی پایەدار" ناوی دەبات، کۆمەڵگەیەکی هەمەڕەنگ لەڕووی کولتوور و فراوان لەڕووی رووبەرەوە.
 
رەسەنایەتی گەلانی پایەدار
 
لێکۆڵینەوەکە بەشێکی گرنگی بۆ چەمکی "کۆمەڵگەی پایەدار" تەرخان کردووە. مەبەست لەمە، ئەو کۆمەڵگە دێرینانەیە کە وەکو قەوارەیەکی کۆمەڵایەتی و ژیاریی رێکخراو لە ناوچەیەکی جوگرافی دا ژیاون پێش ئەوەی هیچ جۆرە فۆرمێکی بەراییانەی دەوڵەت سەرهەڵبدات.
 
واتە ئەم ناسنامە زمانی و کولتوورییە لە بەرەبەیانی مێژووەوە شێوەی گرتووە، پاشان لە چەندین قۆناخی مێژوویی درێژدا شوێنپێی خۆی لەسەر ئەو خاکە بەجێهێشتووە و شێوازێک لە ژیانی گوندنشینی و جووتیاری بەسەر سیستمی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی دا زاڵ بووە و بە ئاستێک لە خۆبژێوی گەیشتووە، بەڵام بە پێچەوانەی ئەو، گەلانی کۆچەر کە پەیوەست نەبوون بە خاک و کشتوکاڵەوە، لەڕووی سەربازی و دیسیپلین و پلەداریی دەسەڵاتەوە رێکخراوتر بوون. لە کۆمەڵگەی شوانکارەدا، بزوێنەرە کۆمەڵایەتییەکان لە هەژاری و پێویستیی کۆمەڵگەکەوە بە کۆچ و جوڵەی بەردەوام لەدایک دەبن.
 
بۆ سەلماندنی تایبەتمەندیی "کۆمەڵگەی پایەدار"، توێژینەوەکە بەرەو دیاریکردنی ناسنامەی ئەو جۆرە کۆمەڵگەیانە دەڕوات کە بە پلەی یەکەم ناسنامەیەکی نەتەوەییە، ئەمەش وا لە توێژەر دەکات زیاتر لە بەشێکی کتێبەکە بۆ لێکۆڵینەوە لە ناسنامەی گەلی کورد و (کورد) وەکو ناو بە درێژایی سەردەمە مێژووییەکان تەرخان بکات، ئەمەش بە پشتبەستن بە کەسانی تایبەتمەند و کوردۆلۆجیستی وەکو مینۆرسکی کە توێژینەوەکە لە زاری ئەوەوە رەچەڵەکی کورد ئاوا پێناسە دەکات، "یەکەمین دەرکەوتنی کورد لە کوردستان بابەتێکە هێشتا مشتومڕ و رای دژبەیەکی لەسەر هەیە... هەندێ زانای هاوچەرخ، ئەو گەلانەی پەیوەندییان بەو ناوانەوە هەیە دابەشی سەر دوو گرووپ دەکەن: بەشی یەکەمیان (کاردۆخی)یەکانن کە دەڵێن ئەمانە بە رەچەڵەک ئاری نین، بەڵام دەڵێن (کورتییەکان)، ئەوانەی لە بەشی رۆژهەڵاتی نیشتیمانی کاردۆخییەکاندا ژیاون، باپیرە گەورەی کوردن".
 
توێژینەوەکە لەپاش ئەوە، بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە ئارکیۆلۆجییەکان کنە بۆ رەچەڵەکی هەردوو ناوی (کورد) و (کوردستان) دەکات کە دەڵێن ناوی کورد یان (کوردا) لەسەر پارچە شوێنەوارێکی دێرینی قوڕین لە کۆشکی (زمرلیم) لە شانشینی ماری دۆزراوەتەوە کە دەکەوێتە سەر رووباری فورات و مێژووی ئەم کۆشکەش بۆ هەزارەی دووەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە.
 
توێژینەوەکە بۆ لێکدانەوەی ئەمە، گەڕاوەتەوە بۆ نووسینێکی د. جەمال ئەحمەد رەشید لەو بوارەدا کە دەڵێت، "هەرێمی جەزیرە کە دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی سووریا، لە بەرەبەیانی مێژووەوە بەو ناوچە کشتوکاڵییانە بەنێوبانگ بووە کە هەواڵ و دەنگوباسی خۆیان لەسەر تەختەقوڕینەی حیتی و بابلیی دێرین نووسیوەتەوە. نێودارترین ئەم ئاوەدانیانەش (نیلابشینۆ) بووە کە دەکرێ بە (لیلابسینۆم)یش بخوێندرێتەوە، ئەم شوێنە ئێستا بە (تەل بەڕاک) ناسراوە. تۆپۆگرافیای ئەم ناوچەیەش لە پەیوەندییەکی راستەوخۆدایە لەگەڵ هەریەک لە شانشینی ئۆرکیشی حۆری کە لە دۆڵی رووباری خابووردا دامەزرا و هەروەها هەرێمی ئەشناککۆم (شەهربازاڕ) و کخات (تەل بەڕی)، ئەمانەش هەموو چواردەوری ئەو نیشتمانەیان دابوو کە لە تەختەقوڕینەکاندا بە نیشتیمانی کورد (Mat Kurda Ki) ناسێنراوە. ئەمەش هەموو ئەو خاکە دەگرێتەوە کە دەکەوێتە سەر رووباری خابوور لە باکووری حەسەکە، لە دۆڵی ئاموودا و تەل ئەسوەد کە ئەمڕۆ بە چەقچەق دەناسرێ.
 
لەسەر ئەم بنەمایە، فۆرمی تۆپۆگرافیی (کوردا) بە باوەڕی ئێمە، کۆنترین و نزیکترین شێوەی مێژووییە لەچاو ئەو ناوە هاوچەرخەی کە ئەمڕۆ نەتەوەی کوردی پێ دەناسرێت.
 
توێژینەوەکە بە پشتبەستن بە دەقی کۆنی ئارامی و رۆمانی و ئاشووری و سۆمەری کە لە زاری (هیرۆدوت)ـەوە بە ئێمە گەیشتوون، هەروەها لەو نووسینانەی لە بولدانیە عەرەبەکان بەجێماون، بەردەوامە لە گەڕان و بەدواداچوونی ورد بۆ دیاریکردنی ناسنامەی (کورد) و (کوردستان) و وا مەزەندە دەکات کە لە سەردەمی حوکمی یۆنانی و پاشان رۆمانی دا لەسەر ئەم ناوچەیە، ناوی (کوردۆخی) لە هەر ناوێکی دیکە ناسراوتر بووبێ، چونکە دەڵێت، "کوردۆخییەکان لە باشووری رووباری بهتان نیشتەجێن". واتە رووباری بۆتان لە باکووری کوردستان. کاتێک ئەم رووبارە دەڕژێتە دیجلەوە، ئەمەی دوایی سنووری رۆژئاوای ناوچەی کوردۆخییەکان بووە. سنووریان لە باشووریشەوە لە ناوچەی گوندی مەنسوورییە کە کۆتایی ناوچە بەردەڵانەکانە، کۆتایی دەهات. کەواتە نیشتیمانی کوردۆخییەکان ناوچەی بۆتانی ئێستاشی دەگرتەوە.
 
لەنێو ئەو نێوەڕۆکانەدا کە پەیوەستن بەم باسەوە، گێڕانەوە عەرەبییەکان بەشێکی بەرینیان داگیرکردووە، بەتایبەتیش کەسانی وەکو ئیبن ئەلوەردی، مەقدیسی، تەبەری، مەسعوودی، بیلازەری، ئیبن ئەلفەقی و ئیبن فەزلەڵڵا عومەری. وەکو لە توێژینەوەکەدا هاتووە، ناوی کورد بەم شێوەیەی ئێستای کە لە فەرهەنگەکان و گێڕانەوە عەرەبییەکاندا هاتووە، لە قۆناخی ئیسلامی دا مانایەکی قووڵتری وەرگرتووە "ئاماژە بووە بۆ گرووپێکی ئیتنیکی تایبەت و بەرفراوان. ناوی گەلێک بووە لەو گەلانەی بە تەنیشت عەرەبەوە ژیاون".
 
لە هەمان چوارچێوەدا، توێژینەوەکە چووەتە بنج و بناوانی ناوی (جەزیرەی فوراتی)، بەڵام بەشێوەیەکی جیاواز لەو تێگەیشتنەی لە گوتارە حکومییەکانی سووریا و لە بەشێکی گێڕانەوە عەرەبییەکاندا هەیە و زۆر جار دەڵێن (جەزیرەی سووری) یان (وڵاتی نێوان دوو رووبار) کە ئاماژەیە بۆ ئەو خاکەی دەکەوێتە نێوان هەردوو رووباری دیجلە و فورات. ئەمەش بە پشتبەستن بە رای ئەبوفیدای ئەیوبی کە گوتوویەتی، "جەزیرە وڵاتێکە لەنێوان دیجلە و فورات".
 
هەروەها ئیبن فەزلەڵڵا عومەری کە دەڵێت، "سنووری وڵاتی کورد، زۆرینەی، ئەگەر نەڵێین هەموو ناوچەکانی جەزیرەی فوراتی دەگرێتەوە"، بەمەش هەنگاوێکی بێ پێشینە لە دیاریکردن و پێناسەی نیشتیمانی کورد لەلایەک و هەروەها لە دیاریکردنی سنوورەکەیدا، دەچێتە پێشەوە. هاوکات سیفەتێکی نەتەوەیی یەکگرتووش دەداتە ناوچەکە و لەوەشدا تای تەرازووی بەلای زۆرینەی دانیشتووانەکەیدا شکاندووەتەوە و گشتاندوویەتییە سەر ناوچەیەکی جوگرافیی بەرفراوان کە جگە لە کورد، کۆمەڵێک نەتەوە و کۆمەڵگەی پایەداری دیکەش لەخۆدەگرێت. ئەو بە کردەوە هەموو ئەم خاکەی لە چوارچێوەی (وڵاتی کوردان)دا پۆلێن کردووە.
 
 
لە میرنشینە کوردییەکانەوە بۆ کوردستانی عوسمانی
 
توێژینەوەکە باسی ئەوە دەکات کە "میرنشینەکانی کوردستان لە چوارچێوەی سەردەمەکەی خۆیاندا خاوەنی حکومەتی پێشکەوتوو بوون، بەجۆرێک هاوشێوەیان لە جیهانی نەریتیی ئەو سەردەمەدا کەم بووە. ئەم حکومەتانە کاریان کردووە و لە هەموو بوارەکاندا هەنگاوی باشیان ناوە، بەتایبەتیش لە بواری بیناسازی و ئاواکاری، بۆ نموونە میرنشینی دەوڵەتی دۆستەکیی مەروانی (973- 1094ی زایینی) کە بووە هەوێن بۆ دەسەڵاتی خەلافەتی عەباسی. ئەم میرنشینە کوردییە پێشکەوتووە تەنانەت زەوینەی بۆ دەرکەوتنی میرنشینە ئەیوبییەکانی وڵاتی شام و جەزیرەی فوراتیش خۆشکرد".
 
پاشان باسی ئەوە دەکات کە چۆن دەسەڵاتدارانی عوسمانی کێشە و ناکۆکییان لەنێوان میرنشینە دەسەڵاتدارەکانی کورد دروستکردووە، ئەمە سەرباری ململانێی نێوەندە شارستانییەکان خۆیان کە نێوەڕۆکێکی کۆمەڵایەتی و ئابوورییان هەیە. "ئەمە بەشێک بووە لە سیاسەتی کاڵکردنەوەی سەربەخۆیی لۆکاڵی و پایەدارکردنی دەسەڵاتی ناوەند. بۆیە سوودیان لە رەگوڕیشەی ململانێی نێوان سێ نێوەندە شارستانییە گرنگەکەی ئەو سەردەمەی جەزیرەی فورات وەرگرتووە: مووسڵ و جزیرێ و ئامەد، بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەربەخۆیی میرنشینی بۆتان و بەتاڵکردنەوەی لە مۆرکە نەتەوەییەکەی". پاشان ئەیالەتی کوردستانی عوسمانی دادەمەزرێ کە لە 1847 تاوەکو 1868ی خایاند، واتە نزیکەی 21 ساڵ بەردەوام بوو.
 
بە پشتبەستن بە ئەنجامی لێکۆڵینەوە ئیتنۆگرافی و جوگرافییەکانی مارک سایکسی بەریتانی و کەسانی دیکەش، ئەم توێژینەوەیە بەو ئەنجامە گەیشتووە کە "زۆرینەی دانیشتووانی دێرەزوور تاوەکو کۆتاییەکانی سەدەی 19 کورد بوون، بەشێکی ئەمانە تەنانەت عەرەبییان نەزانیوە"، بەڵام پێیوایە دواتر "ئەم کۆمەڵگە کوردییە رەسەنە شارستانییەی دێرەزوور لە دەوروبەرە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی دابڕاوە و هێدی هێدی زمان و کولتوور و نەریتی خۆی فەرامۆش کردووە، ئەمەش بەتایبەتی پاش ئەوەی جەنگی جیهانیی یەکەم پێکهاتە ئیدارییەکانی نێو ئیمپراتۆریای عوسمانیی لەبەریەک هەڵوەشاند، لەنێویشیاندا ناوچەکانی ئەیالەتی کوردستان و جەزیرەی فورات. بەوجۆرە دەشتەکانی جەزیرەی فورات لە دەوروبەرە شارییەکانی خۆیان دابڕان، دانیشتووانی دەشتەکانی ئەو دوورگەیەش لەو سەردەمەدا گوندنشین بوون کە لەخۆیدا کۆمەڵگەیەکی لاواز و لەرزۆکە و لە زۆربەی ناوچەکانیدا هێشتا ژیانی کۆچەری بەردەوام بوو".
 
لە پرۆسەیەکی لەسەرخۆشدا، بنەماڵە بە رەچەڵەک کوردەکانی دێرەزوور، پاش ئەوەی رایەڵەکانیان لەگەڵ دەوروبەرە عەشایەری و گوندەوارییە کوردییەکەیان پچڕا و هۆزە عەرەبەکانیش رۆژ دوای رۆژ لە شارەکەدا باڵادەستتر دەبوون، ئیدی کەوتنە ژێر کاریگەریی عەرەبەوە. دواتریش فەرەنسا کەوتە هەوڵ و تەقەلا بۆئەوەی ناوچەی رۆژهەڵاتی فورات (یان جەزیرە) بەگوێرەی لێکتێگەیشتنە سیاسییەکان کە لە چەند رێککەوتننامەیەکی نێودەوڵەتی دا چەسپابوون، بخاتە سەر سووریا. بەوجۆرە سنووری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بەگوێرەی رێککەوتننامەکانی دیاریکردنی سنوور لەگەڵ هەردوو حکومەتی تورکیا و عێراق دیاریکرا.
 
توێژینەوەکە ئەوەش رووندەکاتەوە کە ئاڵوگوێزی خێڵەکی و کۆچی کۆچەرییەکان چ کاریگەرییەکی لەسەر بنیاتی کۆمەڵایەتیی جەزیرەی فورات هەبووە "ئەوە بووە هۆی گۆڕینی هاوسەنگیی دێمۆگرافی و پاشان سیاسی، تاوەکو ئاستێک کە هەندێ جار شێوەی پەلامار و داگیرکاریی چەکدارانەی بەخۆوە بینیوە. ئەمە دەبێتە هۆی پووکانەوەی کۆمەڵگە نیمچە سەقامگیرە کوردییەکانی نیشتەجێی شار و گوندەوارە عەرەبە پەرتوبڵاوەکانی سەر رۆخی رووبارەکان. کۆچی هۆزەکانی شەممەر و عەنەزە کە وەکو دوو کۆچی گەورە و درەنگوەخت دەناسرێن، هەموو کۆمەڵگە دێرینەکانی ناوچەکانی جەزیرە و عێراقیان راماڵی و ئەوەش بە یەکێک لە بوومەلەرزە کۆمەڵایەتی و سیاسییە گەورەکان دادەنرێت".
 
لەلایەکی دیکەشەوە، سیاسەتی ئینتیداب رۆڵێکی گەورەی لە خێراکردنی پرۆسەی نیشتەجێکردنی عەرەبە کۆچەرەکاندا لەو ناوچانە هەبوو، ئەوەش بووە هۆی گۆڕانی دێمۆگرافی و داماڵینی جەزیرەی فورات لە مۆرکە کوردەوارییەکەی. ساڵانێک دواتر تەعریبی سیاسی دێت و هەموو ناوچەکانی جەزیرەی فورات پڕ دەبن لەو کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونانەی بە زەبری سەپاندن و پشتیوانیی حکومەتەکانی سووریا بوونە دیفاکتۆ.
 
لە پووختەی توێژینەوەکەوە
 
توێژینەوەکە لە دووتوێی کتێبێکی 600 لاپەڕەییدا، ئەوەی سەلماندووە کە پڕۆژەی ئەیالەتی کوردستانی عوسمانی لە کۆتاییەکانی سەدەی 19دا، لەبەر کۆمەڵێک هۆکار شکستی هێنا کە پەیوەندییان بە نەبوونی پشتیوانیی دەرەکی، یان نەبوونی پشتیوانیی هەرێمییەوە بۆ پڕۆژەی سەربەخۆیی کوردستان هەبوو. ئەوە سەرباری رۆڵی هەریەک لە بەریتانیا، ئەڵمانیا و رووسیا لە هاوکاریکردنی ئیمپراتۆری عوسمانی دا بۆ ئەوەی بزاڤە رزگاریخوازە نەتەوەییەکانی کورد لەنێوببات.
 
ئەمانەش هەموو کاریگەرییان لەسەر ئایندەی ئەیالەتی کوردستانی عوسمانی هەبوو. پاشان هەنگاونانی کۆمەڵگە عەرەبییەکان بۆ چالاکیی سیاسی لە چەرخی نوێ دا، رۆڵێکی گەورەی هەبوو لە دامەزراندنی هەردوو دەوڵەتی سووریا و عێراق و ناڕاستەوخۆش بەشدار بووە لە هەڵوەشاندنەوەی سەربەخۆیی کوردستان لەڕێی لەبەریەک ترازاندنی زۆر لە پایە جوگرافی و دێمۆگرافییەکانی و مسۆگەرکردنی ئەڵتەرناتیڤە ناوچەییەکەی بۆ خزمەتی کۆڵۆنیالیزمی رۆژئاوایی. کۆمەڵگەی کوردی لە هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆری عوسمانی دا زیانێکی زۆری بەرکەوت، بە هەمان ئەندازەی زەرەرمەندبوونی لە سایەی ئەو ئیمپراتۆریەدا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە