رووداو دیجیتاڵ
بهڕێوهبهری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک دەڵێت، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمپانیایەکی تورکی، لە داهاتوودا کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی پەموو لە دهۆک دەکرێتەوە. بۆ ئەو مەبەستە، ئەم ساڵ وەکو تاقیکردنەوە دوو دۆنم زەوی بە پەموو دەچێندرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 15ـی ئایاری 2025، ئهحمهد جهمیل، بهڕێوهبهرى گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زەویی دهۆک زۆر بە پیتە بۆ چاندنی پەموو، زیاتر لە 40 ساڵە پەموو نەچێندراوە، ئێستا جووتیارێکی سێمێل هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمپانییەیەکی تورکی کردووە، تاوەکو ئەم ساڵ دوو دۆنم زەوی بە پەموو بچێنن و دواتر گرێبەست لەگەڵ هەموو جووتیارانی دهۆک دەکرێت."
وەکو بهڕێوهبهرى گشتیی کشتوکاڵی دهۆک دەڵێت، هەر دۆنمێک 800 کیلۆ پەموو بەرهەم دەهێنێت، واتا ئەم ساڵ وەکو تاقیکردنەوە هەزار و 600 کیلۆ پەموو بەرهەم دەهێندرێت، دواتر ئەو کۆمپانیا تورکییە سەیری دەکەن و گرێبەست لەگەڵ جووتیاران دەکەن.
ئهحمهد جهمیل گوتی، دوای ئەوەی بەرهەمی پەموویان بە دڵ بوو، بڕیارە کۆمپانییایەکی بەرهەمهێنانی پەموو لە دهۆک بکرێتەوە، تاوەکو تۆ و پێداویستییەکانیان بۆ جووتیاران ئامادە بکەن و پێیان بدەن.
بە گوتەی ئهحمهد جهمیل، ئێستا کاتی چاندنی پەمووە و دوای 80 رۆژ بەرهەمەکەی پێدەگات. گوتیشی: ئەو کۆمپانیایە دەیەوێت پەمووی کوردستان لە تورکیا بە بازاڕ بکات، هەروەها بۆ ناوخۆش سوودی زۆری دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ