رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت، لە دوو رووداوی جیادا لە سنووری چیای سورێن و گوندی هۆمەرقەوم، ئاگر لە پووش و پاوانی ناوچەکە کەوتەوە. دەشڵێت، لە چیای سورێن بەهۆی ئاگرەکەوە مین تەقیوەتەوە و ئەو دەنگۆیانەی باس لە بۆردوومانکردنی ناوچەکە دەکەن، "دوورن لە راستییەوە".
دەزگای ئاسایشی هەرێم ئەمڕۆ یەکشەممە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، رووداوی یەکەم کاژێر 2:10ـی دوانیوەڕۆ لە نزیک گوندی هۆمەرقەوم روویدا، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە ئاگر لە پووش و پاوانی ناوچەکە کەوتووەتەوە. دەشڵێت، دەستبەجێ تیمەکانی بەرگریی شارستانی و هێزە ئەمنییەکان گەیشتنە شوێنی ئاگرەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی.
لە راگەیێندراوەکەدا دەشڵێت، کاژێر 2:35ـی دوانیوەڕۆ، ئاگرێکی دیکە لە بناری چیای سورێن کەوتووتەوە. بەهۆی ئاگرەکە چەند مینێک تەقیونەتەوە.
لەبارەی دەنگی تەقینەوەکانەوە، دەزگای ئاسایشی هەرێم "دڵنیایی" دەداتە هاونیشتمانییان و دەڵێت، ئەو دەنگۆیانەی باس لە بۆردوومانکردنی ناوچەکە دەکەن "دوورن لە راستییەوە".
دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی و هێزە ئەمنییەکان، لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە و تیمەکانیش بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و پاراستنی ژینگەی ناوچەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ