ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی بارەکان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ عێراق بەردەوامن؛ 'سوودانی لەسەر هێڵە'

15-07-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گرفتەکانی بەردەم ناردنی باری کەلوپەلە هاوردەکراوەکان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی بەردەوامە. سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک دەڵێت، بارهەڵگرەکان دوای "ئاستەنگییەکی زۆر" دەتوانن بازگەکانی عێراق تێپەڕێنن. سەرۆکی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی عێراقیش باس لە هەوڵی سوودانی بۆ چارەسەری کێشەکە دەکات.
 
شوکری جەمیل، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای ئەوەی رێککەوتنیش لەسەر هەندێک خاڵی سەرەکی لە نێوان هەولێر و بەغدا کرا لەبارەی ناردنی بارەکان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق، بەڵام هێشتا لە بازگەی موسڵ کێشە و گرفت هەیە."
 
شوکری جەمیل ئاماژەی بەوە کرد، بارهەڵگرەکان دەبێت ماوەیەکی زۆر لەو بازگەیە بمێننەوە تاوەکو رێگە بە تێپەڕبوونیان دەدرێت، ئەمە جگە لەوەی بازرگانیی نێوخۆیی بۆ نزیکەی ئاستی سفر لە دهۆک دابەزاندووە و کۆمپانیا و کارگەکان زۆرینەی کارمەندەکانیان ناردووەتەوە بۆ ماڵەوە.
 
رێککەوتنەکەی تیمی تەکنیکیی دەروازە سنوورییەکانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغدا رۆژی 6ی ئایاری ئەم ساڵ کرا.
 
گرفتێکی بەردەم بازرگانانی هەرێمی کوردستان ئەوەبوو، دەبوو ئەو کاڵایانەی کە هاوردەیان دەکەن لە ماوەی 72 کاژێردا بیانگەیێننە بازگەکانی عێراق، بۆیە یەکێک لەو خاڵانەی هەردوو حکومەتی عێراق هەرێمی کوردستان رێککەوتنیان لەسەر کرد، درێژکردنەوەی ئەو ماوەیە بوو بۆ هەفتەیەک. 
 
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان بە رووداوی گوت: "ئەو رێککەوتنەی لە ماوەکانی رابردوودا کرا، بە نووسراوی فەرمی نەگەیشتووەتە هیچکام لە بازگە و دەروازەکان، بۆیە دەکرێت لە هەر ساتێکدا بێت رێککەوتنەکە کێشە و گرفتی بۆ دروست ببێت."
 
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان لەبارەی کەمبوونەوەی ئاستی بازرگانیی نێوخۆیی گوتی، "هۆکاری دابەزینی ئاستی بازرگانیی نێوخۆیی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، حکومەتی عێراق بڕیاری سەپاندووە بەسەر خاوەن پڕۆژەکاندا، کە دەبێت پڕۆژەکانیان لە بەغدا تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی رێگە بە گواستنەوەی بارەکانیان بدات بۆ پارێزگاکانی خواروو و نێوەڕاست."
 
سوودانی لەسەر هێڵە
 
عەبدولڕەزاق زوهێری، سەرۆکی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق بە رووداوی گوت، "سەرۆکوەزیران، محەممەد شیاع سوودانی، بۆ چارەسەری ئەو گرفتانە لەسەر هێڵە. سێ رۆژ پێش، لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران، کۆبوونەوەیەک لە نێوان دەروازە سنوورییەکان، ژوورە بازرگانییەکان و بانکی ناوەندیدا کرا، بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ ئەم پرسە و بڕیارەکەی ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق تایبەت بە نرخى نوێى رسوماتى گومرگ لە دەروازە سنوورییەکان."
 
زوهێری گوتیشی: "بە ئەگەری زۆرەوە، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزاری بۆ بازرگانی کۆدەبێتەوە و یەکێک لە پرسەکان، تاوتوێکردنی بابەتی کیوئاڕ کۆد و سیلی گومرگی دەبێت."
 
لە سەرەتای ئەم ساڵدا، حکومەتی عێراق بە نووسراوى فەرمى، پشتبەستنی بە سێلی گومرگی و کۆدى (QR)لە دەروازە سنوورییەکان بە هەرێمى کوردستانیشەوە راگەیاندووە. ئەو کۆدە مەرجە بۆ تێپەڕبوونى کاڵا لە بازگەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا.
 
هەروەها سێل، مۆرێکە کە لەو بارانە دەدرێت لە دەروازە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستانەوە لەگەڵ تورکیا و کۆمارى ئیسلامیی ئێران هاوردەدەکرێن و نابێت بکرێنەوە تاوەکو دەگەنە ئەودیو بازگەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵى.
 
رۆژی 22ی ئایاری ئەم ساڵیش، هەردوو دەستەى دەستپاکى و دەروازە سنوورییەکانى عێراق رێککەوتنێکى 10 خاڵییان واژۆ کرد. 
 
یەکێک لە خاڵەکانى رێککەوتنەکە ئەوەیە، لە بازگەى سەر رێگە گشتییەکان، چاودێریى سەر ئەو کاڵایانە تووند بکرێت کە لە دەروازە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستانەوە هاوردە دەکرێن، بۆئەوەى وەکو لە راگەیێندراوى دەستەى دەروازە سنوورییەکاندا هاتووە، "گەرەنتیى یەکخستنى رسوومات و پشکنینى پێشوەخت بکرێت، بۆ پاراستنى بەکاربەر و رێگرتن لە تێپەڕینى ئەو کاڵایانەى رسووماتى نەدراوە یان لە دەروازەى نافەرمییەوە هێندراوە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.