رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان، لە رووداوێکی هاتووچۆدا سێ کەس گیانیان لەدەستدا و سێی دیکەش برینداربوون.
پێشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، 14ی ئابی 2023، ئۆتۆمبێلێک، بەخێراییەکی زۆر لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان هەردوو پارێزگاکانی وان-بەدلیس لە نزیک شارۆچکەی گێڤاش، خۆی بە پشتەوەی بارهەڵگرێکدا دەکێشێت. لە ئەنجامدا سێ کەس دەستبەجێ گیان لەدەست دەدەن و سێی دیکەش بریندار دەبن.
دوای رووداوەکە، هاووڵاتییان لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ئاگادارکردەوە و بەخێرایی بریندارەکان گوازرانەوە نزیکترین نەخۆشخانەی پارێزگای وان.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی شارۆچکەی نورداغ هۆکاری رووداوەکەی بۆ تیژڕۆیی ئۆتۆمبێلەکە گەڕاندەوە، کە بەهۆیەوە رووداوێکی سەختی لێکەوتەوە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ