کوردستان
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە فێستیڤاڵی هەنجیر لە تەقتەق. وێنە: ئامانج جومعە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ فێستیڤاڵی هەنجیر لە قەزای تەقتەق دەستیپێکرد. وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، خواستێکی زۆر لەسەر هەنجیری تەقتەق هەیە؛ قایمقامی قەزاکەش دەڵێت، "60%ی خەڵکی تەقتەق بژێویی ژیانیان لەسەر کشتوکاڵە."
محەممەد شێخ فاتیح، پێشکێشکاری رووداو لە تەقتەق میوانداریی هەریەکە لە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان؛ ئاسۆ مستەفا، قایمقامی قەزای تەقتەق؛ ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار و لوقمان حاجی جەلیل، خاوەنی عەلوەی تەقتەق کرد.
لە فێستیڤاڵەکەدا هەنجیر و بەرهەمی دیکەی دەیان باخەوانی سنوورەکە پێشاندەدرێن، هەزاران گەشتیاریش روویان لە شارەکە کردووە بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵەکەدا.
وەزیری کشتوکاڵ: خواستێکی زۆر لەسەر هەنجیری تەقتەق هەیە
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "خواستێکی زۆر لەسەر هەنجیری تەقتەق هەیە. نەوەک تەنیا هەنجیر، تەقتەق بە بەرهەمی دیکەش بەنێوبانگە، ئەوەش لەبەر پێکهاتەی ناوچەکە و بوونی سەرچاوەی ئاو تێیدا."
لەبارەی پەرەپێدانی بەرهەمی نێوخۆیی، وەزیری کشتوکاڵ گوتی، "یەکەم هەنگاومان ئەوەبوو کە حکومەت پارێزگاری لە بەرهەمی نێوخۆیی بکات، رۆژژمێری ساڵانەمان بۆ ئەو مەبەستە داناوە، هاوئاهەنگیمان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقیش هەیە بۆئەوەی بە هەردووکمانەوە یەک رۆژژمێری کشتوکاڵیمان هەبێت."
سەبارەت بە ناردنی بەرهەم بۆ شارەکانی عێراق، بێگەرد تاڵەبانی باسی لەوە کرد، "جاروبار ئاستەنگ هەبووە، بەڵام ئێستا بەرهەمەکان باشتر دەگەنە شارەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق و هاوکاریی دوولایەنە هەیە."
وەزیری کشتوکاڵ باسی لە بڕی هەناردە کرد و گوتی، "هەموو بەرهەمە کشتوکاڵییەکان رەوانەی پارێزگاکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق دەکەین بە هەنجیریشەوە، هەروەها ساڵانەش سەروو 4000 هەزار تۆن پەتاتە هەناردەی وڵاتانی کەنداو دەکەین."
چوونی هاونیشتمانییان بۆ فێستیڤاڵەکە
هاوکات ئاسۆ مستەفا، قایمقامی قەزای تەقتەق لەبارەی کەرتی کشتوکاڵی سنوورەکە رایگەیاند، "60%ی خەڵکی تەقتەق بژێویی ژیانیان لەسەر کشتوکاڵە، ئەمە چوارەمین فێستیڤاڵە بەڕێوەدەچێت و نزیکەی 20 هەزار گەشتیار هاتوون بۆ بەشداریکردن تێیدا."
ئاسۆ مستەفا گوتیشی، "بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە تەقتەق زۆر زۆرن، خاکەکەمان بەپیتە و ئاوی زێی بچووکیش بە نێو شارەکەماندا دەڕوات، ئەوەش زۆر گرنگە."
بە گوتەی قایمقامی قەزاکە، "تەقتەق لەسەر ئاستی عێراق یەکەم شارە لە بەرهەمی ماسی. ئەو حەوزە ماسییانەش لێرە هەن هەلی کاری زۆریان رەخساندووە؛ نزیکەی 1700 حەوزمان هەیە و بە تێکڕا لە حەوزێکدا 20 کەس سوودمەند دەبن."
سەبارەت بە گەشتیاران، قایمقامی تەقتەق رایگەیاند، "ساڵی رابردوو زیاتر لە 150 هەزار گەشتیار لە ناوچەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراقەوە هاتنە تەقتەق، ئەگەر رێگەی هەولێر – کۆیە – تەقتەق نۆژەن بکرێتەوە، گەشتیار زۆر زیاتر دەبێت."
هاوکات ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار گوتی، "دوو ساڵی رابردوو لە تەقتەق و بۆگرد شوێنی مانەوەی گەشتیاران نەبوو، بەڵام ئێستا وەبەرهێنەران سەرمایەگوزارییان تێداکردووە و مۆتێل و شوێنی مانەوەیان دروست کردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ