وانەبێژانی دابڕاو داوا دەکەن بگەڕێندرێنەوە

15-09-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک لە وانەبێژانی دابڕاو لە هەولێر گردبوونەوە و داوا دەکەن بگەڕێندرێنەوە قوتابخانەکان و بکرێنە گرێبەست. نوێنەرێکیان دەڵێت، ''ژمارەمان 2500 کەسە و نامانەوێت خزمەتی چەندین ساڵمان بەفیڕۆ بچێت.''
 
ئەمڕۆ دووشەممە 15-09-2025 ژمارەیەک لە وانەبێژانی دابڕاو لەبەردەم باڵەخانەی وەزارەتی پەروەردە لە هەولێر گردبوونەوە، ژمارەیەک داواکارییان ئاراستەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
 
ئەمین محەممەد، نوێنەرێکی وانەبێژانی دابڕاو لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا راگەیێندراوێکی خوێندەوە کە تێیدا هاتووە، ''رۆژگاری سەختمان بەو بڕە پارە کەمە بەڕێکرد، کە بۆ وانەبێژان تەرخان دەکرا، چاوەڕوان بووین لەپای خزمەت و هاوکاریمان بۆ حکومەت و کەرتی پەروەردە دابمەزرێین، بەڵام بەداخەوە لادراین.''
 
ئەمین محەممەد گوتی، ''وانەبێژی لادراومان هەیە قوتابییەکەی خۆی بووەتە مامۆستا، بەڵام ئەو هێشتا چاوەڕێی دانانەوەیەتی، ناتوانین لە قوتابخانەی کەرتی تایبەتیشدا کار بکەین، چونکە تاوەکو ئێستا نازانین دادەنرێینەوە یان نا.''
 
ئەیلوولی پار، وەزارەتی پەروەردە داوای لەو وانەبێژانە کرد، کە لە ساڵانی رابردوودا بە هەر هۆکارێک بووە لە کارەکەیان نەماون، فۆرم پڕبکەنەوە و بیدەنە وەزارەت. ئەو نوێنەرەی وانەبێژانی دابڕاو گوتی، ''ژمارەمان نزیکەی 2500 کەسە، داواکارین وەک چۆن 38 هەزار وانەبێژتان کردە گرێبەست، بە بڕیارێکی هاوشێوە ئێمەش بکەنە گرێبەست.''
 
ئەمین محەممەد جەختی لەوە کردەوە، پێویستە بە گرێبەستکردنەکە ''بەبێ جیاوازی'' سەرجەم وانەبێژانی دابڕاو بگرێتەوە، ''چەندین ساڵە چاوەڕێین و نامانەوێت خزمەتی یەک بۆ 11 ساڵمان بەفیڕۆ بچێت.'' 
 
بەگوێرەی بڕیارێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان کە 22-01-2025 دەرچووە، ئەوانەی تەمەنیان دەبێتە 60 ساڵ خانەنشین دەبن، ئەوەش بووە هۆکاری ئەوەی لە دایکبووانی سێ ساڵ پێکەوە خانەنشین ببن کە نزیکەی حەوت هەزار مامۆستای قوتابخانەکانی گرتەوە.
 
ئەو نوێنەرەی وانەبێژانی دابڕاو پێشنیاز دەکات لە شوێنی مامۆستایانی خانەنشینکراو دابنرێن، کە ئێستا بۆشاییەکی زۆر لە قوتابخانەکاندا دروست بووە.''
 
14ـی ئابی ئەم ساڵ ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە پارەوە لەسەر هێڵین بۆ دانانەوەی ئەو وانەبێژانەی لەکار نەماون بە هەر هۆکارێک بووبێت، بەڵام ئەوەش پەیوەندیدارە بە لیستی مووچە و حکومەتی عێراقەوە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق

دامەزرێنەری گووگڵ کراودسۆرس: نووسین بە فۆنتی کۆن زیانێکی گەورە بە پاشەڕۆژی زمانی کوردی دەگەیێنێت

لەکاتێکدا جیهان یادی رۆژی جیهانیی زمانی دایک دەکاتەوە، پسپۆڕانی تەکنەلۆژیا هۆشداری دەدەن لەوەی پاراستنی زمان تەنیا لە رێگەی ئاخاوتنەوە نییە، بەڵکو دەبێت زمانەکە لە جیهانی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرددا جێگیر بکرێت. بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق، لە کاتی بەشداریی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "پاشەڕۆژی زمانی کوردی بەندە بە بوونی داتای پێویست لەسەر ئینتەرنێت."