رووداو دیجیتاڵ
لە دوو رووداوی جیادا، سێ ئافرەتی کورد لە کاتی چوونیان بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا بێسەروشوێن بوونە، کە گومان دەکرێت لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق رفێندرابن، کەسوکار و چالاکڤانان داوای ئاشکراکردنی چارەنووسیان دەکەن.
ئیبراهیم شێخۆ، پارێزەر و چالاکڤانی مافی مرۆڤ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی شەممە 13ـی ئەیلوولی 2025، لە بازگەیەکی سەر بە حکومەتی سوریا، لەسەر رێگای حەلەب- دێر حافیر، لە گوندەواری رۆژهەڵاتی حەلەب، هێزەکانی ئاسایشی گشتی کچێکی کوردیان بە ناوی (هەیفا عادل تاهر) کە تەمەنی 25 ساڵە، دەستگیر کرد."
ئەو چالاکڤانە ئاماژەی بەوەدا تاوەکو ئێستا چارەنووسی هەیفا نادیارە و کەسوکارەکەی داوا دەکەن یارمەتیان بدەن بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی.
بە گوتەی ئیبراهیم شێخۆ، هەر هەمان رۆژ کچێکی دیکەی کورد بە ناوی نۆرمان جەلال سەرحان، خەڵکی ناوچەی دێرک لە جەزیرەی رۆژئاوای کوردستان، کە لە ئەڵمانیاوە هاتبوو و بە ئۆتۆمبێلەکەی، لەگەڵ هاوڕێیەکی بە ناوی فاتیمە، کە خەڵکی کۆبانێیە، سەردانی حەلەبیان کردبوو، لە رێگا لە ناوچەی دێر حافیر ونبوون و چارەنووسیان نادیارە.
چالاکڤانانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو سێ کچە کوردە دەکەن و حکومەتی سووریا بە بەرپرسیار دەزانن لە رفاندن و بێسەروشوێنکردنیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ