رووداو دیجیتاڵ
شێخ باز بەرزنجی، بازرگانی ناسراوی کوردستان لە پاریس گرێبەستێکی تایبەت بە نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێری لەگەڵ یونسکۆ واژۆکرد.
رێوڕەسمی واژۆکردنەکە رۆژی سێشەممە 14-10-2025 لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەڕێوەچوو و شێخ باز قسەی بۆ ئاڵا شاڵی، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو کرد.
شێخ باز بەرزنجی بڕی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر تەرخان کردووە.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، کاری نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر بە شێوەیەکی پیشەییانە جێبەجێدەکرێ؛ هەروەها یونسکۆ لە هەرێمی کوردستاندا خولی تایبەت بە (پاراستنی شوێنەوار) و (نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە دێرینەکان) بۆ خوێندکارانی بەشی گەشتیاری دەکاتەوە.
شێخ باز بەرزنجی لەبارەی گرێبەستەکە بە رووداوی گوت: "بەڕاستی ئەمڕۆ رۆژێکی مێژوویی بوو. ئەو گرێبەستەش کە واژۆکرا مێژووییە و بنەمایەکە بۆ ئەوەی قەڵای هەولێر ببێتە ناوەندێکی رۆشنبیری، ناوەندێکی توێژینەوە، هەروەها ببێتە ناوەندێکی کولتووری کە تێیدا خەڵک ئاشنایەتی لەگەڵ مێژوو و شارستانیی هەولێر و قەڵاکەی دروست بکات".
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی شێخ باز بەرزنجی:
رووداو: لە بارەگای یونسکۆوە لە پاریس سڵاوتان لی بێ. ئەمڕۆ رێککەوتنێکی گرنگ لەنێوان یونسکۆ و بەڕێوەبەری گرووپی کۆمپانیاکانی کار گرووپ، شێخ باز بەرزنجی واژۆکرا. ئەمڕۆ بە رۆژێکی مێژوویی دادەنرێ بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر. شێخ باز، زۆر زۆر سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە. ئەمڕۆ رۆژیکی گرنگ و مێژوویی بوو لە بارەگای یونسکۆ. قەڵای هەولێر لەژێر سەرپەرشتیی یونسکۆ تووشی کێشەی دارایی بوو. بۆچی بریارتان دا هاوکاریی پرۆژەکە و نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر بکەن؟
شێخ باز بەرزنجی: بەڕاستی ئەمڕۆ رۆژێکی مێژوویی بوو. ئەو گرێبەستەش کە واژۆکرا مێژووییە و بنەمایەکە بۆ ئەوەی قەڵای هەولێر ببێتە ناوەندیکی رۆشنبیری، ناوەندیکی توێژینەوە، هەروەها ببێتە ناوەندێکی کولتووری کە تێیدا خەڵک ئاشنایەتی لەگەڵ مێژوو و شارستانیی هەولێر و قەڵاکەی دروست بکات، لەبەر ئەوەی قەڵای هەولێر لە هەموو چاخە مێژووییەکان، لە هەموو نووسراوەکانی پێشوو، بە شێوەیەک هەر باس کراوە. ساڵەهایە ئەو قەڵایە لە مێژوودا هەیە. ئینجا بۆ ئەوەی ئەم مێژووە نوێ بکەیتەوە و خەڵک باوەڕ بەو راستیانە بکات، پێویستە یونسکۆ ببێتە چەترێک بۆ ئەم نۆژەنکردنەوەیە. بۆیە ئەم گرێبەستەمان کرد.
رووداو: خەونی ئێوە بۆ قەڵای هەولێر چییە؟
شێخ باز بەرزنجی: هەروەک باسمان کرد، ببێتە ناوەندێک کە خەڵکی هەموو جیهان باوەڕ بە مێژووەی قەڵای هەولێر بکات، هەروەها ببێتە ناوەندێک بۆ توێژینەوە و گەشتیاری بۆ خەڵکی کوردستان.
رووداو: باشە تاوەکو ئێستا پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر بە خواستی بەڕێزتان بەرێوەچووە؟
شێخ باز بەرزنجی: بێگومان بە قۆناخ رۆیشتووە. بەڵام ئەوکاتەی لە یونسکۆ تۆمارکرا کە یەکێک لە ناوەندە شارستانییە جیهانییەکانە، گرنگییەکی زۆر تایبەتی پێدرا. قۆناخی پێش ئێستا، بازاڕی هاوبەشی ئەورووپی بۆ چوار ساڵ پشتیوانیی بەرنامەکەیان کرد. پێشتریش حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەر بودجەی خۆی خەرجییەکانی دەگرتە ئەستۆ. بەڵام ئێستا ئەمە دەرفەتێکی باش بوو. بێگومان بەرنامەی بازاڕی هاوبەشی ئەورووپا ساڵی 2024 وەستا. ئێمە لە ئێستاوە بۆ چوار ساڵی داهاتوو، پشتیوان بەخوا پشتیوانیی ئەم بەرنامەیە دەکەین.
رووداو: ئەو شوێنەوارە دێرینانەی بوونەتە میراتیی جیهانی، وەکو بورجی ئیڤڵ و قەڵای هەولێر، گەشتیاری زۆر رادەکێشن. پێتان وایە هەولێر ببێتە شوێنێک کە گەشتیارانی دراوسێش سەردانی بکەن؟
شێخ باز بەرزنجی: زۆر شوێن هەیە گەشتیاری و مێژووییە، ئەگەر یونسکۆ دانی پێدا نەنێ کە ئەو شوێنە مێژوویی و کولتوورییە، ئەو راستیە پێشانی هەموو جیهان و خەڵک نادات. ئینجا بۆیە دوای ئەوەی یونسکۆ دانی بەوەدا نا کە ئەم شوێنە مێژوویی و کولتوورییە، هەر کەسێک سەردانی ئەو شوێنە بکات، دڵنیا دەبێتەوە کە مێژووەکەی راستە. واتە پشتڕاستکردنەوە و راستی بەو شوێنە دەدات.
رووداو: دەتانەوێ چی بۆ زیاد بکەن بۆ ئەوەی گەشتیاری زیاتر بۆخۆی رابکێشێت؟
شێخ باز بەرزنجی: قەڵای هەولێر خۆی شوێنێکی تایبەتە، ئەوەی دێتە نێو هەولێر و قەڵا لە بەرامبەر خۆیدا دەبینێت، شتێکی زۆر ناوازەیە. بەدڵنیایەوە دوای ئەوە بەرنامەیەش هاوبەشیمان لەگەڵ یونسکۆ، گۆڕانکارییەکی زۆری تێدا روودەدات.
رووداو: خۆتان وەک شێخ باز، هیچ یادەوەرییەکی تایبەتیی خۆتت لەگەڵ قەڵای هەولێر هەیە؟
شێخ باز بەرزنجی: هەموومان، ئەوەی خەڵکی هەولێر بێ، یادەوەریی لەگەڵ هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ