حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە بەغدا دەکات مووچە خەرج بکات

15-10-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ چوارشەممە (15ی ئۆکتۆبەری 2025)، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، کۆبووەوە. تەوەری سەرەکی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوی حکومەت، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران بە بۆنەی دەستپێکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، داوای کرد "هەڵمەتێکی شارستانی و لە چوارچێوەی رێزگرتن لە یاسا و رێنماییەکان بەڕێوە بچێت. هەروەها سەرۆکوەزیران هیوای سەرکەوتنی بۆ هەموو ئەو کەس و لایەنانە خواست کە دەبنە نوێنەری راستەقینەی خەڵکی کوردستان و داکۆکی لە مافە دەستوویی و قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەن".
 
تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان بوو دوای جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی سێ لایەنەی هەناردەکردنی نەوت و بەدواداچوونی هەنگاوەکانی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران (ئاب و ئەیلوول و مانگەکانی دیکە).
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیرانی دارایی و سامانە سروشتییەکان لە راپۆرتێکدا وردەکاریی داهات و خەرجییەکان و کورتهێنانی مانگانەی هەرێمییان خستەڕوو کە وەزارەتی دارایی فیدراڵی لێ ئاگادار کراوەتەوە.
 
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران داوای لە حکومەتی فیدراڵ کرد وەزارەتی دارایی فیدراڵ رابسپێرێت بە خەرجکردنی مووچە. ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە، رێککەوتننامەی سێ لایەنەی هەناردەکردنی نەوت "زۆر بە باشی بە بێ کەموکووڕی جێبەجێکراوە" و داهاتەکەی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
 
دەقی راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی ئۆکتۆبەری 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆک وەزیران قوباد تاڵەبانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
 
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا و بە بۆنەی دەستپێکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، سەرۆک وەزیران داوای کرد هەڵمەتێکی شارستانی و لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە یاسا و ڕێنماییەکان بەڕێوە بچێت. سەرۆک وەزیران هیوای سەرکەوتنیشی بۆ هەموو ئەو کەس و لایەنانە خواست کە دەبنە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان و داکۆکی لە مافە دەستووریی و قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەن.
 
تەوەری سەرەکی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان لە دوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی سێ لایەنەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و هەروەها بەدواداچوونی ئەنجومەنی وەزیران بۆ هەنگاوەکانی خەرجکردنی مووچەی هەردوو مانگی ئاب و ئەیلوول و مانگەکانی دیکەی ساڵی 2025 ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
 
لە سەرەتای کۆبوونەوەکە، لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا، وردەکاریی بارودۆخی دارایی ئێستای هەرێم لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری خرایەڕوو کە لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی ژمێرکاریی هەرێمی کوردستان بە ژمارە و داتای پێویست، سەرجەم بوارەکانی داهاتەکان و خەرجییەکان و کورتهێنانی مانگانە ڕوون کرایەوە کە لە چوارچێوەی تەرازووی پێداچوونەوە، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی لێ ئاگادارکراوەتەوە.
 
پاشان هەریەک لە وەزیری دارایی و ئابووری و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، وردەکاریی زیاتریان لەسەر ڕاپۆرتەکە خستەڕوو کە پێشتر بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم ئامادە کرابوو، دوای گفتوگۆ و تاوتوێکردنی بابەتەکە، ئەنجومەنی وەزیران لە پێناوی دابینکردنی مووچە و شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و زامنکردنی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان، چەندین ڕاسپاردە و پێشنیاری پەسەند کرد و وەزارەتی دارایی ڕاسپێردرا بۆ دەرکردنی ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنیان، لە ناویشیاندا جێبەجێکردنی پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتی نانەوتی و پێدانی پێشینە بەم بابەتە لە پێش هەموو خەرجییەکان، تاوەکوو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ هیچ شتێک نەکاتە بیانوو بۆ نەناردنی مووچەی هەردوو مانگی ئاب و ئەیلوول و مانگەکانی دواتریش، کە ئێمە لە مانگی تشرینی یەکەمین و مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگەکانی هەشت و نۆیان هێشتا وەرنەگرتووە.
 
ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدڕاڵ دەکات، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ڕاسپێرێت بە خەرجکردنی مووچەی هەرێم بە تایبەتیش وەک وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت خستیەڕوو، ڕێککەوتننامەی سێ لایەنەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان زۆر بە باشی بە بێ کەموکووڕی جێبەجێکراوە و زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێم لە بازاڕی جیهانی لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆ فرۆشراوە و داهاتەکەشی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.