رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی حکومیی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان داوای دابینکردنی بودجە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەورەی پیشەسازی لەو پارێزگایە دەکەن.
لە کۆبوونەوەی گفتوگۆی نێوان حکومەت و کەرتی تایبەتی پارێزگای لوڕستاندا کە رۆژی چوارشەممە 15-10-2025 بەڕێوەچوو، پارێزگار و بەرپرسانی دیکەی حکومی پارێزگاکە داوایان کرد، پڕۆژەی گەورەی پیشەسازی لەو پارێزگایە جێبەجێ بکرێت.
سەعید شاهروخی، پارێزگاری لوڕستان لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، زیاتر لە 12٪ـی سەرچاوەکانی ئاوی هەموو ئێران لە پارێزگای لوڕستانە و 800 هەزار هێکتار زەوی کشتوکاڵی هەیە، بەڵام لەچاو پارێزگاکانی ناوەندی ئێران، کەمترین یەکەی پیشەسازی لێ دروست کراوە.
پارێزگاری لوڕستان دەڵێت، لە پڕۆژە نیشتمانییەکانی ئێراندا گرنگی بە پارێزگاکانی ناوچەی زاگرۆس نادرێت و بەشی زۆریان خراونەتە پارێزگاکانی ناوەندی ئێران، لە کاتێکدا تاران و پارێزگاکانی دیکەی ناوەندی ئێران کێشەی وەکو خراپیی ژێرخان، کەمیی ئاو و پیسی هەوایان هەیە.
لە کۆبوونەوەکەدا بەهمەن جەعفەری، بەڕێوەبەری گشتیی پیشەسازی و بازرگانیی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، لەو پارێزگایە 980 پڕۆژەی پیشەسازیی نیوەچڵ هەن و بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست تەواو نەکراون.
لە پارێزگای لوڕستان هەزار و 350 یەکەی پیشەسازی مۆڵەتی کارکردنیان هەیە. هەزار و 27 یەکەیان چالاکن، 105یان نیوە چالاک و 220یشیان داخراون بەهۆی کێشەی ئابوورییەوە. زۆربەی یەکە پیشەسازییەکان بچووکن و لەلایەن خەڵکەوە دروست کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ