رووداو دیجیتاڵ
لەقەزای دوبز، ناحیەی سەرگەڕان و گوندەکانی دەوروبەری بانگەشەیەکی گەرمی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، گەرچی زۆرینەی ناوچەکە کوردن، بەڵام بانگەشەی لایەنی عەرەب بەرچاوترە.
مام ئەحمەد جووتیارێکی گوندی پەلکانەیە و هێشتا کێشەی زەوییەکەی لەگەڵ هاوردەکان یەکلا نەبووەتەوە، ئەو نیگەرانە لەوەی یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس دەرچووە، بەڵام خەریکە خولی پێنجەم تەواو دەبێ و جێبەجێ نەکراوە.
مام ئەحمەد ترسی لەزیادبوونی ژمارەی دەنگدەرانی عەرەبە لەناوچەکەیان کە مێژوو دەیسەلمێنێ خاکی کوردە.
لە بنکەی دەنگدانی گوندی پەلکانە لە کۆی زیاتر لە هەزار دەنگدەر، ژمارەیەکی زۆری دەنگدەرانی عەرەبن و سەرجەمیان هاوردەن.
شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی وردبینی تۆماری دەنگدەرانی کەرکووکە و هۆشداری دەدا لەوەی دیار نییە هەڵبژاردن لەپارێزگاکە بەڕێوەدەچێت یان نا.
وەک لیژنەکە راسپاردەی خۆیان داوەتە کۆمسیۆن و ئەوانیش دەیخەنە بەردەم دادگای فیدراڵی، دەبێ دادگا بەمزووانە پرسەکە یەکلایی بکاتەوە.
بەپێی راپۆرتی سەنتەری هەڵبژاردنی یەکێتی، لە کەرکووک ژمارەیەکی زۆری عەرەبی هاوردەی پێش2003 و دوای 16ـی ئۆکتۆبەر کراونەتە دەنگدەری پارێزگاکە.
مادەی 13ـی هەموارکراوی یاسای هەڵبژاردنی عێراق تایبەتمەندی بەخشیوەتە پارێزگای کەرکووک بەوەی دەبێ تاوەکو مانگی 12ـی ئەم ساڵ وردبینی لە تۆماری دەنگدەران بکرێت، مەرجی کورد ئەوەیە سەرژمێری 1957بکرێتە بنەمای دەستکاریکردنی تۆمارەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ