رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بارزگانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەشێکی دیکە لە شایستەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 خراوەتە سەر هەژماری وەزارەت و سبەی لە هەولێر دابەشی دەکەن.
وەزارەتەکە شەوی چوارشەممە 15-10-2025 لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بڕی ئەو پارەیەی خراوەتە سەر هەژمارەکەیان 15 ملیار و 500 ملیۆن دینارە.
پارەکە وەک وەزارەتی بارزگانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێداوە، بەپێی پارێزگاکان بەم جۆرە دابەش دەکرێت:
- شەش ملیار دینار بۆ سلێمانی
- پێنج ملیار دینار بۆ هەولێر
- چوار ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ دهۆک
سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی پارەکە بەسەر جووتیاراندا، وەزارەتی بارزگانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، سبەی لە هەولێر دەست بەدابەشکردن دەکرێت و هەفتەی داهاتووش لە سلێمانی و دهۆک.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەداوە، بەپێی رۆژی رادەستکردنی گەنمەکانیان بۆ ئەو جووتیارانەی لە یەک تۆن تاوەکو 50 تۆنیان لێ وەرگیراوە شایستەکان وەردەگرن، پاشان ئەوانەی بڕی زیاتریان تەسلیم کردوە وەریدەگرن.
میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، چوارشەممە بە رووداوی راگەیاند، لەو پارەیەی نێردراوە پێنج ملیار دیناری بۆ جووتیارانی پارێزگای هەولێرە ئەمڕۆ 30 چەکیان داوەتە جووتیاران و دەتوانن سبەی سەردانی بانک بکەن و پارەی گەنمەکانیان وەربگرن.
شایستە داراییەکانی ئەمساڵی جووتیارانی پارێزگای هەولێر 97 ملیار و 779 ملیۆن دینارە، میران بەختیار گوتی: "تاوەکو ئێستا 25 ملیار دینارمان وەرگرتووە و دابەشمان کردووە."
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ئاماژەی بەوەدا بەپێی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنیانەی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بازرگانیی عێراق کراون، بڕیارە ناردنی شایستەی دارایی جووتیاران بەردەوام بێت و لە چەند رۆژی داهاتوودا پارەی دیکەش دەگات.
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بە نرخی 850 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەرگرت کە بەهاکەی زیاتر لە 300 ملیار دینارە.
لەو 300 ملیار دینارە بەغدا تاوەکو ئێستا 72 ملیار دیناری ناردووە. نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا دیار نییە، بڕە پارەکەی دیکە کەی دەنێردرێت، ناردنی پارەکە بە وەجبەیە، بۆ هەر وەجبەیەک دەبێت ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی بدات، هەر کاتێک رەزامەندی لەسەر هەر بڕە پارەیەک درا، پشکی هەرێمی کوردستانیشی لێ دەنێردرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ