رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی ئەم کابینەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 500 مامۆستای ئایینی بە خۆڕایی گەشتی عومرەیان بۆ رێکخراوە. راشیگەیاند، پلانیان هەیە تاوەکو رەمەزانی داهاتوو، گەشتی عومرە بۆ 1000 مامۆستای ئاینی بە خۆڕایی رێکبخەن.
کاروان ستونی، گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە بە رووداوی راگەیاند، ئەو مامۆستا ئایینییانە لە رێگەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرە دەنێردرێن بۆ عومرە و گوتی: "لەسەر داوا و رێنمایی ئێمە دەبێت هەر کۆمپانیایەک، کە 150 کەس دەبات بۆ عومرە، مامۆستایەکی ئاینیش لەگەڵ خۆی ببات بە خۆڕایی."
حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند: "بە مەبەستی هاوکاریکردنی مامۆستایانی ئایینی و زیاتر گرنگیپێدانیان، لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی رێزدار مەسرور بارزانی، گەشتی عومرەمان بۆ زیاتر لە 500 مامۆستای ئایینی بەبێ بەرامبەر رێکخستووە و تادێت ژمارەی مامۆستایانیش زیاد دەبێت."
کاروان ستوونی گوتی: "هەر مامۆستایەکی ئایینی ئەگەر بیەوێت گەشتی عومرە بێ بەرامبەر بکات، دەبێت سەردانی ئەوقافی ناوچەکەی بکات و ناوی تۆمار بکات، دواتر ناوەکەی بەرزدەکرێتەوە بۆ ئێمە، ئێمەش دەینێرین بۆ کۆمپانیاکانی حەج و عومرە."
گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەوان جیاوازی لە نێوان مامۆستایانی ئاینیدا ناکەن و مامۆستایانی سەرجەم ناوچەکان دەنێرن بۆ عومرە.
کاروان ستوونی راشیگەیاند، پلانیان هەیە تاوەکو مانگی رەمەزانی داهاتوو زیاتر لە 1000 مامۆستای دیکە بەبێ بەرامبەر بنێرن بۆ عومرە.
ساڵانە زیاتر لە 40 مامۆستا ئایینی و پێنج موفتی لە هەرێمی کوردستان بەخۆرایی و بەبێ بەرامبەر بەشداری پرۆسەی حەج دەکەن بەمەبەستی رێنماییکردنی حاجییان.
ئەم ساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو ناوتۆمارکردن بۆ پرۆسەی حەج لە رێگەی فۆرمی ئەلیکترۆنی بوو، لە ماوەی کاراکردنی فۆرمەکە تاوەکو کاتی داخستنی لە 26ی ئەیلوول، 59 هەزار و 389 فۆرم پڕکرانەوە.
سەبارەت بە تیروپشک بۆ ناوی حاجییان کاروان ستوونی گوتی: "تاوەکو ئێستا وردبینی لە فۆرمەکان تەواو نەبووە، هەندێک لە فۆرمەکان کەموکورتیان تێدایە، هەندێکیش پێشتر حەجیان کردووە و فۆرمیان پڕکردووەتەوە، ناوی ئەو کەسانە دەردەهێندرێت، دواتر تیروپشکەکە دەکرێت، ئەگەر تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە نەکرێت، بە دڵنیاییەوە لە مانگی داهاتوودا دەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ