رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران فۆرمێک بۆ کەسوکاری شەهیدان پڕدەکاتەوە، بەڕێوەبەرێکی گشتیی بەڕێوەبەرایەتییەکەش دەڵێت، "فۆرمەکە بۆ حکومەتە و خوازیارین رێژەی لێخۆشبوون لە قەرزەکان زیاد بکات."
ئەمڕۆ چوارشەممە 15-10-2025 کاوە کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر، لە بووڵتەنی کاژێر 08:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بە ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداوی گوت، "دوای ئەوەی بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاردرا لێخۆشبوون لە پێشینەی قەرز بە رێژەی 15% بێت، وەک وەزارەتی شەهیدان داوامان کرد رێژەکە بۆ کەسوکاری شەهیدان، ئەنفالکراوان و جینۆساید و زیندانییانی سیاسی زیاد بکرێت."
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەنجوومەنی وەزیران داوای داتای توێژەکانی سەر بە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی کردووە و ئەوانیش بۆ ئەو مەبەستە خەریکن داتا و زانیاریی پێویست کۆدەکەنەوە.
رۆژی 21ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە پشبەستن بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران، لێخۆشبوونی بە رێژەی 15% لە قەرز و پێشینەکانی هاووڵاتییان و سوودی دواکەوتنیان راگەیاند.
کاوە کەریم گوتی، "زانیاریی ئەوەمان نەبووە کە چەند کەس لە کەسوکاری شەهیدان، ئەنفالکراوان و جینۆساید و زیندانییانی سیاسی لە قەرز و پێشینەی حکومەت سوودمەند بوون. ئەوەی وەریگرتووە وەک هاووڵاتی وەریگرتووە؛ بۆیە لەگەڵ بانکی خانووبەرەی سۆران هاوئاهەنگی و ئاسانکاریمان کردووە."
لەبارەی هەوڵی زیاتر بۆ لێخۆشبوون لە توێژەکانی سەر بە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە دەڵێت، "ئومێدمان بە پرۆسەکە هەیە، چونکە ئەگەر داواکارییەکەمان رەتکرابوایەوە، حکومەت داوای داتا و زانیاری نەدەکرد."
بڕیارەکەی حکومەت بەو جۆرەیە، ئەو کەسانەی کوڕ و کچی شەهیدن، پێشینەی هاوژینییان وەک هاووڵاتی وەرگرتووە و دیاری وەزارەتی شەهیدانیان وەرنەگرتووە، لێیان خۆش دەبن؛ هاوکات پێشینەی قەرزی کشتوکاڵی و خانووبەرەی شەهیدانی داعش دوای شەهیدبوونیان، ئەوانیش لێخۆشبوونیان بۆ دەرچووە.
لەبارەی ئەگەری زیادکردنی رێژەکە، کاوە کەریم گوتی، "نازانین رێژەکە چەندە، بەڵام دڵنیاین لەسەر بنەمای داتاکانمان بڕیاری لەسەر دەدرێ. بێگومانین بڕیارەکەیش لە سوودی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەبێت."
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، زیاتر لە پێنج هەزار کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان هەن. لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی کە ناویان وەک سوودمەند تۆمار کردووە، کاوە کەریم دەڵێت، "تاوەکو ئێستا نزیکەی هەزار و 450 کەس ناویان تۆمار کردووە و فۆرمیان پڕکردووەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ