داواکاری گشتیی کرماشان لەبارەی چاندنی خەشخاشەوە هۆشداری دەدات

15-10-2025
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

داواکاری گشتیی پارێزگای کرماشان دەڵێت، دەسەڵاتی دادوەری بە تووندی رووبەڕووی ئەو کەسانە دەبێتەوە کە لە پارێزگاکەدا خەریکی چاندنی خەشخاشن، کە گیایەکە بۆ دروستکردنی مادەی هۆشبەر بەکاردەهێندرێ.
 
حەمیدڕەزا کەریمی، داواکاری گشتیی پارێزگای کرماشان جەخت لەسەر پێویستی گرتنەبەری هەنگاوێکی یەکلاییکەرەوە، دەستبەجێ و سازشنەکراو بەرامبەر ئەو سەرپێچیکارانە دەکاتەوە کە خەشخاش دەچێنن و دەڵێ: "بەپێی یاسا، چاندنی خەشخاش قەدەخەیە و تاوانە، بۆیە هیچ لێبووردەیی و نەرمی نواندنێک بەرامبەر بەم تاوانە قبووڵکراو نییە. دەسەڵاتی دادوەریش ویستێکی جیدی هەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی یاسایی، خێرا و ورد رووبەڕووی تاوانەکە ببێتەوە."
 
بە گوتەی داواکاری گشتیی پارێزگای کرماشان، پێویستە هەموو دامودەزگە و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان هاوکاربن لە جێبەجێکردنی یاسا و رێنماییە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە قەدەخەکردن و بنبڕکردنی چاندنی خەشخاش. 
 
حەمیدڕەزا کەریمی دەڵێ، هەر کەمتەرخەمییەک لەم بارەیەوە بەرپرسیارێتی لەسەرە و رێکاری یاسایی بەرامبەر لایەنی کەمتەرخەم دەگیرێتەبەر.
 
ئاماژە بەوەش دەکات، هێزەکانی پۆلیس و ئەنجومەنی هاوئاهەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان رۆڵی سەرەکیان لە رووبەڕووبوونەوەی چاندنی خەشخاش هەیە.
 
داواکاری گشتیی پارێزگای کرماشان داوا لە خەڵک دەکات، ئەگەر زانیارییان لەسەر شوێن و کێلگەکانی چاندنی خەشخاش هەیە، بە زووترین کات پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی بەرامبەر پێشێلکاران بگیرێتەبەر.
 
چەند ساڵێکە ژمارەیەک لە دانیشتووانی گوندەکان و گەنجانی بێکار لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان روویان لە چاندنی خەشخاش کردووە.
 
چاندنی خەشخاش لە کرماشان لە کاتێکدایە، بەپێی ئاماری فەرمی 5.9٪ی کەسانی سەروو 15 ساڵ لەو پارێزگایە مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە