بۆ پێکهێنانی حکومەت، یەکگرتوو چاوەڕێی لە دەرگەدانە

15-11-2025
بەشار عەزیز
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان.
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایدەگەیێنێت، زیادبوونی دەنگەکانیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا "بەڵگەیە لەسەر متمانەی خەڵک" بە پەیامەکەیان و دەشڵێت، بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان "تاوەکو ئێستا کەس لە دەرگای نەداوین" و بڕیاری بەشداریکردن یان نەکردن پەیوەستە بە گفتوگۆکانی داهاتووەوە.
 
ئەمڕۆ شەممە 15-11-2025، د. ئەمجەد محەممەد، ئەندامی سەرکردایەتی و کارگێڕی لێژنەی باڵای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لە کاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)، لە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند: "زیادبوونی دەنگەکانمان لە زۆربەی ناوچەکاندا بەڵگەیە لەسەر راستگۆیی و متمانەی خەڵک بە پەیامی یەکگرتوو. ئێمە لە هەلومەرجێکی زۆر سەخت و لەبەردەم دەسەڵاتێکدا کە هەموو توانایەکی بەکارهێناوە، توانیمان ئەم دەنگانە بەدەستبهێنین کە بە گەورەترین سەرکەوتنی دەزانین."
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکگرتوو ئاماژەی بەوەش کرد، رێژەی بایكۆتکردنی هەڵبژاردن بەرز بووە و گوتی: "ئەمە بەڵگەیە لەسەر بوونی توڕەیی و ناڕەزایەتییەکی زۆر لەناو خەڵکدا. ئەگەر ئومێدێک بۆ ئەو خەڵکە ناڕازییە دروست بکرێت، من بڕوام وایە دەنگیان دەچێتە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنەوە."
 
سەبارەت بە یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا، د. ئەمجەد محەممەد گوتی: "ناکرێت ئێمە لە هەرێمی کوردستان شەڕمان بێت و لە بەغدا ببینە هاوپەیمان و یەکدەنگ بین. یەکگرتووی ئیسلامی هەمیشە هەوڵیداوە لە بەغدا خاوەنی هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانی بێت، تەنانەت ئەگەر لە هەرێمی کوردستان ناکۆکیش بووبێت. پێویستە هەموو هێزەکان لە بەغدا یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان."
 
"بۆ حکومەتی عێراق لە دەرگە نەدراوە و بۆ حکومەتی هەرێمیش بەشداری ناکەین"
 
لەبارەی هەڵوێستی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەسەر بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتووی عێراق، د. ئەمجەد محەممەد رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بە فەرمی داوای گفتوگۆی لێ نەکردوون لەسەر ئەو پرسە.
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکگرتوو گوتی: "بڕوامان وایە یەکگرتوو لەسەر هەڵوێستی خۆی سوورە کە بەشداریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناکات، چونکە ئەو پاساوانەی پێشتر بۆ بەشدارینەکردن هەبوون، ئێستاش بەردەوامن. بەڵام ئەگەر گۆڕانکارییەکی جیدی بێتە پێشەوە و هەوڵ بدرێت بۆ تێپەڕاندنی ئەم هەموو قەیرانەی بەرۆکی هەرێمی گرتووە، لەوانەیە قسەی دیکەمان هەبێت."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا دەرگاتان بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی نوێی عێراق کراوەیە یان نا، د. ئەمجەد محەممەد گوتی: "لە دەرگە نەدراوە. ئەوەندەی من بیزانم، هێشتا لە دەرگە نەدراوە تاوەکو تۆ بیکەیتەوە یان نا. هێشتا باسی ئەوە نەکراوە. بڕوام وایە باس بکرێت، یەکگرتووش بە هەمان شێوە قسەی خۆی دەبێت."
 
جەختیشی کردەوە کە حیزبی سیاسی نابێت دەرگەکان بە تەواوی دابخات، بەڵام دۆخی هەرێمی کوردستان "ئەوەندە خراپە کە هیچ حیزبێک جورئەتی ئەوەی نییە بچێتە ناو دەسەڵاتێکەوە کە خۆیان نەیانتوانیوە لەنێوان خۆیاندا رێکبکەون."
 
د. ئەمجەد محەممەد راشیگەیاند: "ئەگەر هەوڵێکی جیدی هەبێت و ئەو حیزبانەی دەسەڵات قەناعەتیان وابێت کە دەبێت گۆڕانکاری بکەن و بێنە پێشەوە، ئەوا دەکرێت هێزەکانی دیکەش قسەی خۆیان هەبێت. بەڵام لایەزال پێشبینیی ئەوە ناکرێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەکدارێکی سووریا لە تانکەکەیەوە هاتووەتە دەرەوە.

بەریتانیا سزای بەسەر ژمارەیەک سەرکردە و گرووپی چەکداریی سووریا دا سەپاند

حکومەتی بەریتانیا سزای بەسەر 6 کەسایەتی و 3 گرووپی چەکداریی سووریادا سەپاند، لەنێویاندا ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی پێشوو و بازرگانانی نزیک لە حکومەتی بەشار ئەسەد، ئەمەش بەهۆی تێوەگلانیان لە "سەرکوتکردنی خەڵکی سڤیل و تووندوتیژیی تائیفی".