وێنە.. پێشڕەو دزەیی و کچێکی بەهۆی هێرشەکانی ئێران گیانیان لەدەستدا

16-01-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
وێنەی پێشڕەو دزەیی لەگەڵ منداڵە بریندارەکانی لە نەخۆشخانە
وێنەی پێشڕەو دزەیی لەگەڵ منداڵە بریندارەکانی لە نەخۆشخانە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری شاری هەولێر، خۆی و کچێکی گیانیان لەدەستداوە، هاوژین و دوو منداڵی دیکەیشی بریندارن.
 
رووداو وێنەی منداڵە بریندارەکانی پێشڕەو دزەیی لە دوای گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە دەستکەوتووە و دەردەکەوێت بەشێکیان سەر و جەستەیان بریندار بوون. هەروەها تەرمی یەکێک لە کچەکانی لەژێر داروپەردووی خانووە بۆردوومانکراوەکەی دۆزرایەوە.
 
ئەو کچەی پێشڕەو دزەیی کە گیانی لەدەستداوە، ناوی ژینەیە، 10 رۆژی دیکە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی بوو و لە 25ـی کانوونی دووەم تەمەنی دەبووە یەک ساڵ.
 
 
دوای چەند کاژێرێک گەڕان، تەرمی ژینە لەژێر داروپەردووی ماڵە بۆردوومانکراوەکەیان دۆزرایەوە.

 

 

 

 
پێشڕەو دزەیی، بازرگان بووە و خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی ئیمپایەر هۆڵدینگ و فاڵکۆن بوو. 
 
جگە لە گیانلەدەستدانی پێشڕەو دزەیی لە هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێراندا، ژمارەیەک کەسی دیکە لە کەسوکارەکەی بریندار بوون کە سەرجەمیان کەسی سڤیلن. 
 
پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکە ئاماژەی بەوەکرد، هاوژینەکەی پێشڕەو دزەیی کە ناوی هانا جووتیارە و کوڕێکی کە ناوی رۆژە بریندارن و لە نەخۆشخانەکانی هەولێر چارەسەریان بۆ دەکرێت. بە گوتەی کەسوکارەکەی، دۆخی تەندروستیی هاوژینەکەی باشە، بەڵام کوڕەکەی لەژێر چاودێریی چڕدایە. 
 
تەرمی پێشڕەو دزەیی، دوای توێکاری لە دادپزیشکیی هەولێر براوەتەوە ماڵەکەی خۆی و کەسوکارەکەی بۆ دوایین ماڵئاوایی لە تەرمەکەی، سەردانی دەکەن. 

 

 
شایەتحاڵان قسەیان بۆ پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداو کردووە و دەڵێن، ئەمشەو کۆبوونەوەیەکی خێزانییان لەو ماڵەیاندا هەبووە و بە پێنج مووشەک هێرش کراوەتە سەر ماڵەکەی.

 

 
هەروەها فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، لە هێرشە مووشەکییەکەدا بازرگانێکی کریستیانی عێراقی بە ناوی کەرەم میخائیل، کە هاوڕێی پێشڕەو دزەیی بووە و لەکاتی هێرشەکەدا لەگەڵیدا بووە، گیانی لەدەستداوە. هەریەک لە رەوان پێشڕەو دزەیی، رۆژ پێشڕەو دزەیی، هانا جووتیار هاوژینی پێشڕەو دەزیی، دوو خزمەتگواریی فلیپینی بەناوەکانی ئالین و مایک بریندار بوونە.
 
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، رەوان پێشڕەو تەمەنی 7 ساڵان بووە، رۆژ تەمەنی لەنێوان 25 بۆ 27 ساڵان بووە و لەگەڵ باوکیدا کاری بازرگانی کردووە. هەروەها هانا جووتیاری هاوژینی پێشڕەو دزەیی پیشەی پزیشکی ددان بووە. 

 

 
سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە گرتە ئەستۆ  و رایگەیاند ئەو هێرشانە ژمارەیەک شوێنی کردووەتە ئامانج کە بە"بنکەی تیرۆریستی" و گرووپە دژبەرەکانی ئێران بووە. بەپێی زانیاریی بەرپرسێکی گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە نزیکن لە ئێران، بە 10 مووشەک هێرشکراوەتە سەر هەولێر.
 
مەشعان جبووری، سیاسەتمەدار و ئەندامانی پێنج خوولی پەرلەمانی عێراق دەڵێت لەبارەی پێشڕەو دزەیی لە بڵاوکراوەیەکدا لەسەر هەژماری خۆی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، دەڵێت: "لەبەردەم خوا و خەڵک شاهێدی دەدەم کۆچکردوو، سەرمایەدار پێشڕەو دزەیی کە 20 ساڵ دەبێت دەیناسم پەیوەندیی بە سیاسەت و مۆسادەوە نییە و تەنیا لە بواری گەشەپێدانی خانووبەرە کار دەکات."
 
 
بەپێی داتاکانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵات لە هەولێر، ناوی بریندارەکانی هێرشە مووشەکییەکەی سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی بەمشێوەیەیە: 
 
هانا جووتیار، هاوژینی پێشڕەو دزەیی 
رەوان پێشڕەو دزەیی
رۆژ پێشڕەو دزەیی
ئالین، هاووڵاتیی فلیپینی
مایکی، هاووڵاتیی فلیپینی

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.