رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەو لیژنەیەی بەفەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوی هێرشکردنە سەر هەولێر پێکهێنرا، دەڵێ ئەو بانگەشانەی باسیان لەوە دەکرد ماڵی پێشڕەو دزەیی بارەگای مۆسادە، راست نین.
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ (سێشەممە، 16-1-2024) رایگەیاند لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی لێکۆڵینەوە چوونەتە ماڵی ئەو سەرمایەدارەی شەوی رابردوو لە هەولێر بەئامانج کرا، "دەرکەوت بانگەشەکانی باس لەوە دەکەن بارەگای مۆسادە، راست نین."
ئەعرەجی لە راگەیێندراوەکەیدا جەختی کردووەتەوە لەوەی "لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبین لە کۆبوونەوەکانمان لەمبارەیەوە و راپۆرتی خۆمان بۆ فەرماندەی گشتی بەرزدەکەینەوە."
درەنگانی شەوی رابردوو، (15-1-2024) سوپای پاسدارانی ئێران ژمارەیەک مووشەکی ئاراستەی هەولێر کرد، کە نیوەیان واتا پێنجیان بە ماڵی سەرمایەدارێکی هەولێر بەناوی پێشڕەو دزەیی کەوتن، لەکاتێکدا لە ماڵەکەیدا ئاهەنگی خێزانی هەبوو، بەبۆنەی گەڕانەوەی منداڵەکانی لە ئەمریکا. بەهۆی بۆردوومانەکەوە پێشڕەو دزەیی خۆی، کچێکی کە هێشتا تەمەنی نەبووتە ساڵێک، لەگەڵ بازرگانێکی عێراقیی هاوڕێی و خزمەتگوزارێکی بەڕەچەڵەک فیلیپینیی، کوژران.
جگە لە کوژرانی چوار کەس لە هێرشەکەدا، 16 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە لە ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دزەیی، پاسەوان و خزمەتگوزارەکانی پێکدێن.
وەزارەتى دەرەوەى عێراق ئەمڕۆ رایگەیاندبوو محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریداوە بە پێکهێنانی لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بۆ لێکۆڵینەوە لەو هێرشە و کۆکردنەوەی زانیاری بۆ ئەوەی پاڵپشت بێت لە هەڵوێستی حکومەتی عێراق لەڕووی نێودەوڵەتییە لەپێناو پێشکێشکردنی بەڵگەی ورد "دواتر ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکرێن بۆ ئەوەی رای گشتیی عێراقی و نێودەوڵەتی راستییەکان لەبارەی چەوتیی لایەنی هێرشبەرەوە بزانن."
ئەم ئەنجامەی لێکۆڵینەوەکان لەکاتێکدایە، دوای هێرشەکان سوپای پاسداران لە راگەیاندنەکانی نزیک خۆیەوە چەند زانیارییەکی لەسەر ژیان و کارەکانی پێشڕەو دزەیی بڵاوکردەوە و تۆمەتباری کردووە بەوەی پاڵپشتیی دەزگایەکی سەر بە مۆسادی ئیسرائیلی کردووە، تۆمەتێک کە لەلایەن لیژنەکەی لێکۆڵینەوە و خزم و کەسە نزیکەکانی پێشڕەو دزەییەوە سەرلەبەری رەتکرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ