رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی چالاکڤان و رۆژنامەڤانانی خۆبەخشی پارێزگای دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا هێرشەکانی سوپای پاسدارانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و هەولێر شەرمەزار کرد و رایانگەیاند، "پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سنوورێک بۆ ئەو دووژمنکارییە دابنێن."
رۆژی سێشەممە 16ی کانوونی دووەمی 2024 عەبدولعەزیز موحسین، سەرۆکی تۆڕی چالاکڤان و رۆژنامەڤانانی خۆبەخشی پارێزگای دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "بە تووندی ئەو هێرشە دووژمنکارییە شەرمەزار دەکەین کە سوپای پاسدارانی ئێران شەوی رابردوو بە مووشەکی دوورهاوێژ کردیە سەر هەولێر و لە ئەنجامدا ژمارەیەک هاووڵاتی شەهید و بریندار بوون."
عەبدولعەزیز موحسین دەڵێت، "بەردەوامیی بەئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان و شەهیدکردنی هاووڵاتییان تاوانێکی بێ بیانوو و دژ بە بەها مرۆییەکانە، هاوکات پێشێلکردنێکی ئاشکرای سەروەری و ئارامیی عێراقە. لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستان هیچ کات نەبووەتە شوێنی هەڕەشە بۆ هیچ لایەک و ناشبێت."
سەرۆکی تۆڕی چالاکڤان و رۆژنامەڤانانی خۆبەخشی پارێزگای دهۆک دەشڵێت، "لە ساڵی 2002ەوە سوپای پاسداران هەر جارەو بە بیانوویەک، بە درۆن و مووشەک هێرش دەکاتە سەر خەڵکی سڤیلی هەرێمی کوردستان، بۆ هەموو جیهان روونە کە بیانووەکانیان ناڕەوا و نادروستن، بیانووی ئەمجارەشی ناڕەوا و دژبەیەک بوون، بۆیە داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین بەپەلە دەست بە لێکۆڵینەوە بکەن بۆ دەرخستنی راستییەکان."
وەکو عەبدولعەزیز موحسین ئاماژەی پێدەدات، "هێرشکردنە سەر خەڵکی سڤیل شەرمەزارییە بۆ لایەنی هێرشکار، وەکو رۆژنامەڤان و شالاکڤانان لە چالاکییە مەدەنییەکانمان دژی ئەو دوژمنکارییە بەردەوامدەبین، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەوروپا و جیهان دەکەین بەگوێرەی یاساکانی مافی مرۆڤ و سەقامگیریی گشتی هەڵوێستیان بەرامبەر ئەو کردارە نامرۆیی و دوژمنکارانە هەبێت و رێگری لێبکەن."
سەرۆکی تۆڕی چالاکڤان و رۆژنامەڤانانی خۆبەخشی پارێزگای دهۆک دووپاتیکردەوە، "پەیاممان بۆ هێرشکارانی ئێران ئەوەیە کە شەهیدکردنی خەڵکی مەدەنی هیچ شانازییەک بە ئێوە نابەخشێت، بۆیە لەو کردارە دڕندانەتان بوەستن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ