رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: کۆبوونەوەی سەرۆک مەسعود بارزانی و مەزڵووم عەبدی فەرماندی گشتیی هەسەدە لە هەولێر کاریگەریی ئەرێنی لەسەر یەکدەنگیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و بەستنی کۆنگرەی نیشتمانیی کورد دەبێت و ئاستەنگەکانی لێکتێگەیشتنی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان تاوەکو رادەیەکی زۆر هەڵگرت.
هۆشەنگ دەروێش، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: کۆبوونەوەی سەرۆک مەسعود بارزانی و ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی زۆر گرنگە و لە کاتێکی زۆر گرنگ و هەستیار ئەنجامدرا کە کورد لە رۆژئاوای کوردستان لەبەردەمی دۆخێکی زۆر هەستیاردایە.
گوتیشی: یەکبوونی کورد و چارەسەریی ئەو ناکۆکیی و را جیاوازانەی لەنێو کورد هەیە لە رۆژئاوای کوردستان ئامانجی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی بوو.
"پاڵپشتیی باشوور بۆ رۆژئاوای کوردستان"
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان باسی لە پێگە و گرنگی پاڵپشتی باشووری کوردستان بۆ رۆژئاوای کوردستان کرد و گوتی: هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی بەرفراوانی هەیە و دەشێت ئەو پێگە دیپلۆماسییەی هەرێمی کوردستان لە جیهان پاڵپشتییەکی زۆر بەهێزبێت بۆ رۆژئاوای کوردستان.
"هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی ئابووری و دیبلۆماسی باشی لەگەڵ تورکیا هەیە، لەم دۆخەدا کە تورکیا گوشار لە رۆژئاوای کوردستان دەکات دەشێ هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی گرنگی چارەسەر بێت و رۆڵی هەبێت لە چارەسەری گرفتەکانی ئەنکەرە لەگەڵ هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان،" هۆشەنگ دەروێش وای گوت.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ی کانوونی دووەمی 2025، بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە پیرمام، "سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد."
بەگوێرەی بارەگای بارزانی، لەم دیدارەدا "بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و هەروەها چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا."
"کۆنگرەی نیشتمانیی کورد"
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا لە رووداوی ئەمڕۆ هۆشەنگ دەروێش، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان باسی لە کۆنگرەی نیشتمانیی کورد کرد لە رۆژئاوای کوردستان و گوتی: لە رۆژئاوای کوردستان ئامادەکاریی دەکرێت بۆ بەستنی کۆنگرەی نیشتمانی کورد.
گوتیشی: ئامانجی کۆنگرەی نیشتمانیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بۆ دەستنیشانکردنی داخوازییەکانی کوردە لە سووریای نوێدا.
دەروێش لەبارەی وردەکاریی کۆنگرەکە ئاماژەی بەوەکرد، "ئێستا کۆمیتەی ئامادەکاریی بۆ بەستنی کۆنگرەی نیشتمانیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان پێکهێنراوە و ئامانجی کۆنگرەکەش دروستکردنی کۆدەنگیی کوردییە بە بەشداریی هەموو لایەنەکان بۆ یەکخستن و دەستنیشانکردنی خواست و داواکارییەکانی کورد لە یەک پاکێجدا".
گوتیشی: کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی لە هەولێر کاریگەریی ئەرێنی دەبێت لەسەر ئەنجامدانی ئەو کۆنگرە نیشتمانییە کوردییە کە ئێستا هێشتا لە قۆناخی ئامادەکاریدایە و وادەی بەستنی کۆنگرەکە بە تەواوی دەستنیشان نەکراوە.
"کۆبوونەوەی هەولێر دەشێت رەهەند و کاریگەریی زۆر گرنگی هەبێت بۆ دۆخی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، پێشتر بەهۆی ناکۆکییەکانەوە چاوەڕوان دەکرا کورد بە دوو شاندی جیاواز بچێتە دیمەشق و نەیاندەتوانی رێکبکەون بۆ پێکهێنانی شاندێکی هاوبەش، بەڵام دوای ئەم کۆبوونەوەیەی سەرۆک مەسعود بارزانی و ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی ئێستا چاوەڕوان دەکرێت لەیەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستانیش کۆببنەوە و بگەنە رێککەوتن و کورد بە شاندێکی هاوبەش بچێتە دیمەشق بۆ دانوستاندن و وەرگرتنی مافەکانی".
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆک مەسعود بارزانی و مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە دوای ئەوەهات رۆژی دووشەممە، 13ـی کانوونی دووەم، د. حەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک مەسعود بارزانی سەردانی رۆژئاوای کوردستان کرد و لە حەسەکە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، کۆبووەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکە کە داخراو بوو لەبەردەم میدیا، د. حەمید دەربەندی، پەیامی سەرۆک مەسعود بارزانی گەیاند، کە جەختی لەسەر گرنگیی یەکڕیزیی کورد کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هەنووکەییەکانی سووریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ