بوومەلەرزەیەکی دیکە بە پلەی 5.1 پلەی رێختەر لە تورکیا و سووریا روویدا

16-02-2023
هێمن عەساف
باڵەخانەیەکی رووخاو لە هاتای. وێنە؛ بڵند تاهیر - رووداو
باڵەخانەیەکی رووخاو لە هاتای. وێنە؛ بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
رووداو – هەولێر 

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.1 پلەی رێختەر لە پارێزگای هاتای لە باشووری تورکیا روویدا. لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا و لوبنان هەستی پێکراوە.
 
سه‌رۆكایه‌تیی بەڕێوەبردنی كاره‌سات و باری له‌ناكاو (AFAD) رایگەیاند، کاژێر 22:47 خولەکی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی شوباتی 2023 بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 5.1 پلەی رێختەر، لە ناوچەی ئارسوز سەر بە پارێزگای هاتای روویدا. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئافاد، بوومەلەرزەکە بە قووڵایی 10.77کم تۆمارکرا. جەخت لەوەشکراوەتەوە بوومەلەرزەکە لە باکووری سووریا (رۆژئاوای کوردستان) و لوبنان هەستی پێکراوە. 
 
دەزگای ئافاد راشیگەیاند، لە دوای هەردوو بوومەلەرزە بەهێزەکەی رۆژی 6ی مانگ تائێستا 4326 پاشلەرزە روویانداوە کە هەشتیان 6 پلە و 34یان 5 پلە بووە. 
 
 
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی و کاژێر 12:43 خولەکی نیوەڕۆی 6ی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بەگوڕی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر بوو کە چەقەکەیان لە مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 10 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی گرتەوە. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تائێستا 36 هەزار و 187 کەس گیانیان لەدەستداوە و  108 هەزار و 68 کەس برینداربوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە