رووداو دیجیتاڵ
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر پەیامێک لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، "ئەمریکا جەخت لە پابەندبوونی خۆی بۆ وەستان لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە".
رۆژی شەممە، 16-03-2024، کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی لە 36ـەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی کۆنسوڵخانەی ئەمریکادا هاتووە، "ئەمڕۆ 36ـەم ساڵیادی هێرشی چەکی کیمیاییە بۆ سەر هەڵەبجە کە زیاتر لە 5000 کورد کوژران و 10 هەزاری دیکەش بریندار بوون."
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا دەڵێت، "ئەمریکا جەخت لە پابەندبوونی خۆی بۆ وەستان لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی پارێزراو، دیموکراسی و خۆشگوزەران دەکاتەوە".
رۆژی 16ی ئاداری 1988 حکومەتی ئەو کاتی عێراق بە چەکی کیمیایی هێرشی کردە سەر هەڵەبجە و بەو هۆیەوە لانیکەم پێنج هەزار کەس شەهید بوون و نزیکەی 10 هەزاری دیکەش بریندار بوون. هاونیشتمانییە بریندارەکان بەهۆی کاریگەریی چەکی کیمیاییەوە تووشی نەخۆشیی درێژخایەن بوون و تاوەکو ئێستاش کاریگەری لەسەر بەشێکیان ماوە.
ساڵی 2010، دادگەی باڵای تاوانی عێراق کیمیابارانی هەڵەبجەی بە جینۆساید ناساند، هەروەها لە هەمان ساڵدا عەلی حەسەن مەجید ناسراو بە عەلی کیمیایی، کە لە کاتی جیاوازدا وەزیری نێوخۆ و بەرگریی عێراق و بەرپرسی باڵای بەعس بووە لەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە سێدارە درا.
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە نزیکەی 130 هەزار کەسە؛ رووبەرەکەی 1599 كیلۆمهتر چوارگۆشەیە. پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ