رووداو دیجیتاڵ
لە ئێوارەی ئەمڕۆوە ئاگرێکی گەورە لە قامیشەڵانی دەریاچەی زرێبار لە مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتووەتەوە و تائێستا ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە.
سمکۆ عەزیزی، ژینگەپارێز لە مەریوان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، ئاگرەکە ئێوارەی ئەمڕۆ لە قامیشەڵانی دەریاچەی زرێبار کەوتووەتەوە و رووبەڕیکی فراوانی دەورووبەری سووتاون.
بە گوتەی سمکۆ عەزیزی، ئاگرەکە هێشتا بەردەوامە و تاوەکو ئێستا کۆنترۆڵ نەکراوەتەوە.
عەزیزی گوتی، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی قامیشەڵانەکە، دووکەڵێکی زۆر بە ئاسمانی ناوچەکە، شاری مەریوان و گوندەکانی دەورووبەری گرتووەتەوە و کێشە بۆ هەناسەدانی خەڵکی ناوچەکە دروست کردووە.
ئەو ژینگەپارێزە هەروەها دەڵێت، ئاگرەکە لە چەندین شوێن کەوتووەتەوە، یەكێک لە شوێنەکان نزیکی ناوچەی گەشتیاریی دەریاچەی زرێبارە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لەو شوێنە ئامادەن و هەوڵی کوژاندنەوە و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دەدەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هەوڵەکانیان سەرکەوتوو نەبووە.
بەپێی زانیارییەکان، هەزار و 200 هێکتار لە رووبەری دەریاچەی زرێبار قامیشەڵانە. ساڵانە کێشەی ئاگرکەوتنەوە لە قامیشەلانی دەریاچەکە دووبارە دەبێتەوە. ژینگەپارێزان دەڵێن، سووتانی ئەو قامیشەڵانە رووبەری دەریاچەکە بچووک دەکاتەوە، گیانی بوونەوەر و پەلەوەرەکان دەخاتە مەترسییەوە و زیانی ژینگەیی دیکەشی لێدەکەوێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ