رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکى یاسایی پەرلەمانى کوردستان دەڵێت، "رەتکردنەوەى سکاڵایەک دژى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمى کوردستان لەلایەن دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراقەوە گۆڕانکارى لە بابەتی سەرپەرشتیکردنى هەڵبژاردنەکانی داهاتووی هەرێمی کوردستاندا ناکات، بەو پێیەى بڕیارى کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنەکە پێشتر هەڵوەشاوەتەوە."
رۆژی یەکشەممە 16-07-2023، دادگەی فیدراڵیی عێراق لەسەر داوایەکی زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە کە داوای کردبوو ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمى کوردستان بە "نایاسایی" بناسێنێت و کۆتایی بە ئەندامێتی ئەندامەکانیان بهێنێت، بەڵام دادگەکە ئەو سکاڵایەى رەتکردەوە.
وەعدى مزووری، راوێژکارى یاسایى پەرلەمانى کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو بڕیارەى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق هیچ لە پرسی سەرپەرشتیکردنى هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستان ناگۆڕێت کە بڕیارە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقەوە سەرپەرشتی بکرێت."
وەعد مزوورى گوتیشى، "بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمى کوردستان لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵوەشاوەتەوە، بەهۆى ئەوەى لە کۆتایی مانگی ئایاردا دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیارى نادەستووری درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى کوردستانی دا، ئەوە لە کاتێکدایە کۆمیسیۆن لەو ماوەیەدا کارا کرابووەوە."
لە 9ى تشرینى یەکەمى 2022دا پەرلەمانى کوردستان یاسای ژمارە 12ى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمی پەسندکرد، دواى ئەوەى تەمەنەکەى کۆتاییهات. لە 22ى ئایارى 2023دا پەرلەمان بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستانی دا، بەڵام لە 30ى ئاياردا دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق رایگەیاند، یاسای درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى کوردستان نادەستووری بووە.
بەو پێیەى لەسەر ئەو بنچینەیە بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمى کوردستان هەڵوەشایەوە، بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستان دەبێت کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق سەرپەرشتى پرۆسەکە بکات.
سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان رۆژی 10ی ئەم مانگە نووسراوێکى ئاڕاستەى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق کرد وپێشنیازى 18ى تشرینى دووەم یان 18ى کانوونى یەکەمى 2023ى کرد بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لەلایەن کۆمیسیۆنەکەى عێراقەوە، بەڵام ئەو کۆمیسیۆنە لەو بارەوە هێشتا بڕیاری نەداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ